کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سێ جار پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەنی کردە ئامانج

17:47 - 30 بەفرانبار 2723

دوای چەندین مانگ لە هێرشی بەردەوامی حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی و بازرگانیی جیهانی لە دەریای سوور،  ئەمریکا سێ جار پێگەکانی ئەو گرووپەی لە یەمەن کردە ئامانج.

ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتێژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٩ بەفرانبار سێ هێرشی سەرکەوتووی لە دژی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام داوە.

جان کێربی ئەم هێرشانەی بە چوارەمین هێرشی پێشوەختەی ئەمریکا بۆ سەر مووشەکهەڵگرەکانی حوسییەکان لە حەفتەی ڕابردوودا ناو برد و وتی دیسان دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە بۆ بەرگریکردن لە کارە تێکدەرەکانی حوسییەکان و بەرگری لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی گراونەتە بەر.

لەو پێوەندییەدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ''سێنتکام'' ڕایگەیاند، حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دوو مووشەکی بالیستیکی دژەکەشتییان ئاراستەی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکا کردووە کە بەر ئاوەکانی نزیک کەشتییەکە کەوتووە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەمریکا بە بەشداریی بریتانیا و پاڵپشتیی ئوسترالیا، بەحرەین، کانادا و هولەند، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار هێرشی کردە سەر ٣٠ پێگەی حوسییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن .

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەیەکی پێشنیارکراوی ئەمریکا، داوای لە حوسییەکانی یەمەن کرد کە دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر هێڵە کەشتیوانییەکان ڕابگرن.

شایەنی ئاماژەیە، ئەمریکا لە چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاند کە حوسییەکان یەمەن دەخاتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکاوە.