کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامە بەبۆنەی ٧٨ەمین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان

10:25 - 1 رێبەندان 2723

 

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

تێکۆشەرانی مافخوازی کوردستان!

٧٨ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ئاکامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم و بە ئەزموون‌وەرگرتن لە دەرفەتە لەکیس‌چووەکانی ڕابردووی بەردەم بزووتنەوەکانی کوردستان و بەهۆی خوێندنەوەی بەوەختی سیاسیی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد؛ کۆماری کوردستان، وەک یەکەم ئەزمونی حوکمڕانیی مۆدێڕنی کورد، لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی )بەرامبەر بە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦( لە چوارچرای شاری مهاباد ڕاگەیەندرا.

ئامانج و دەسکەوتە بەرز و شوێندانەرەکانی کۆماری کوردستان لەسەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد بەگشتی، تا ئێستاش هەوێن و دەستمایەی هەرە بەنرخ و پیرۆزی کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییە ڕەواکەیەتی. دامەزرانی کۆماری کوردستان و بنیاتنانی هێما شوناس‌خوازانەکانی وەک؛ پێکهێنانی قەوارەی جمهوریی کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، پێکهێنانی سوپای میللیی کوردستان (پێشمەرگە) و دانانی سروودی نەتەوایەتی و زۆر دەسکەوت و دیاردەی مودێرنی دیکە، تا ئێستاش بەشێکی هەرە قایم و چەسپاوی ناسنامەی نەتەوایەتیی خاک و خەڵکی کوردستانن. هەروەها ئامانجەکانی کۆماری کورستان کە دەستەبەری ماف و ئازادییە نەتەوایەتی و دێموکراتییەکانی نەتەوەی کورد لە شکڵ و شێوازی گونجاوی خۆی‌دایە، تا ئێستاش ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری ڕێبوارانی ئەم ڕێبازەن.

هەرچەند کۆماری کوردستان دوای تەمەنێکی کورتی ١١ مانگە، بە هێرشی نیزامیی ڕێژیمی پاشایەتی بۆ کوردستان کۆتایی پێ هێنرا و سەرۆککۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد بە تاوانی وەدیهێنانی ئارەزوویەکی لەمێژینەی نەتەوەکەی لە سێدارە درا، بەڵام کۆمار لە بیر و زەینی هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازی مافویستدا بەزیندوویی مایەوە و لە ڕەوتی خەباتی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستاندا ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، ئامانجی هەموو تێکۆشەرێکی ڕێی ڕزگاریی نیشتمانە.

لە کات و زەمەنێکدا یادی ٧٨ ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەکەینەوە کە، بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی بە ئامانجەکانی کۆمار نەگەیشتوە، بەڵام گەلێک قۆناغی دژوار و پڕ لە هەوراز و نشێوی بۆ ئەو مەبەستە بڕیون. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە دامەزرێنەر و میراتگری کۆماری کوردستانە، سەرەڕای هەڵگرتنی دەیان زامی قووڵی وەک؛ شەهیدبوونی هەزاران کادر و پێشمەرگەی لە مەیدانی بەرەنگاری دژ بە هەردوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، تێرۆری ڕێبەرانی هەرەدیاری وەک شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەقاندنەوە و مووشەکباران‌کردنی بنکە و بارەگاکانی لەلایەن باندی تێرۆریستی سپای پاسدارانی ڕێژیم و زۆر برینی دیکە، هەروا لە سەر پێ و جێی هیوا و هومێدی خەڵکی کوردستانە.

لە درێژەی ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پانتایی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەچاو سەردەمی کۆماری کوردستان، مەودایەکی برینتر و جەماوەریی بەخۆوە گرتووە. هەست و باوەڕی شوناسخوازیی نەتەوەیی، سێبەری بەسەر زۆرێک لە تایبەتمەندییە نەریتییەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستاندا کێشاوە و لەم سۆنگەیەوە یەکیەتی و یەکگرتوویی زیاتر لە ڕابردوو بە هەڵسووکەوت و ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە دەبیندرێ.

ئێستا کە دوای ٧٨ ساڵ لە ڕاگەیاندنی کۆماری کورستان، لە ڕۆڵ و کاریگەریی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان دەڕوانین، زیاتر لە هەمیشە هەست بە وڵامدەربوونی عەقڵییەتی مەدەنی و سیاسیی کۆماری کوردستان بۆ گشتگیربوونی ئەم خەباتە دەکەین. کاتێک کە تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات بە پێکهێنانی یەکیەتی، ڕێکخراو و ئەنجوومەنە جۆراوجۆرەکان خۆیان لە چوارچێوەی بزووتنەوەی بەرینی سوناسخوازانەی نەتەوەکەیان‌دا ئەرکدار دەکەن، دروستکردنی ئەم خۆبەبەرپرسیارزانینە لە چین و توێژەکانە کە قالبێکی جەماوەری و گشتگیر بە بزووتنەوەکە دەبەخشێ، هەروەک چۆن پێشەوای مەزن، بە دامەزرانی یەکیەتییەکانی جەوانان و یایانی کوردستان هەوڵی بەشداریی گشت چین و توێژەکانی لە کاروبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەدا.

وەک لە جووڵانەوەی ژینادا دەرکەوت، لە قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی خەڵکی کوردستاندا؛ بەرزیی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی، ڕێکخراوبوونی یەکگرتووانەی کۆمەڵگە، ڕەفتار و هەڵسووکەوتی ماناداری ئەم‌ڕۆژیانە، بەشداریی زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی ڕەفتاری گشتی و جەماوەری، خۆدوورخستنەوە لە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی توندڕەوانە و بەرچاوتەنگانە، جێگەکەوتنی حیزبایەتی و متمانەی خەڵک بە حیزبەکان، لێبڕاوبوونی زیاتری کۆمەڵگە لە ڕووبەڕووبوونەوە دژ بە تێفکرین و سیاسەتە دژیگەلییەکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرا، ئەو پێوەر و تایبەتمەندییانەن کە دەیسەلمێنن، کوردستان لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا پێگە و پەیام و ڕۆڵی تایبەتیی خۆی هەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا و لە ئاکامی نزیک بە ٤٥ ساڵ سەرکوت و دیکتاتۆری و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران و گرتنە پێشی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی "صدور انقلاب"، لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا لە بێزراوترین دەسەڵاتەکانی سەردەمە، بەداخەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر و، لە هەموویان گرینگتر نەبوونی ئالترناتیڤێکی وڵامدەر کە بتوانێ متمانەی گەلانی ئێرانی لەپشت بێ، سێبەری شوومی بەسەر خەڵک و وڵاتدا ماوەتەوە. بەڵام لە کەس شاراوە نییە کە درێژبوونەوەی ئەم خۆداسەپاندنەی، نە لە پێگە و مەشرووعیەتەوەیە و نە نیشانەی تەسلیمبوونی گەلانی ئازادیخوازی ئێرانە. وەک لە نوێترین سەرهەڵدانی بەرینی "ژن، ژیان ئازادی‌"دا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و نەتەوەکان نیشانیان ‌دا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دژ بە تەواویەتی ئەم ڕێژیمە بەگوڕتر لە هەمیشە لە ئارادایە و ڕۆژ نییە شەقامەکانی وڵات نەبنە مەیدانی (نا) گوتن بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە بەرامبەردا بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆ، گرتن و ئەشکەنجە، حوکمی قورس و لەسێدارەدانی خەباتکارانی وڵات، وڵام دەدرێنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەمیشە بە گرینگیدان بە بەستێنی ڕاستەقینەی خەبات لە نێوخۆی وڵات دژبە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، کارکردن بۆ درووستبوونی هاوهەڵوێستیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی پێشکەوتنخوازی کورد و ئێرانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە پێگەی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و میراتگری ئەم دەسکەوتە مێژوویی و نەتەوەییەدا، وەک هەمیشە خۆی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و بەردەوامی و بەرینترکردنەوەی بزووتنەوەی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێ.

لە یادی ٧٨ ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا وێڕای پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەرجەم مافخوازانی ڕێی ڕزگاریی ئێران و کوردستان لە دیکتاتۆری، سڵاو دەنێرین بۆ دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان، لە سەرووی هەمووانەوە، سەرۆککۆماری کوردستان، شەهید پێشەوا قازی محەممەد.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی

٢٠ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی