کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەئیسی جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد

10:41 - 1 رێبەندان 2723

دوابەدوای کوژرانی ٥ ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە و لە ئاکامی هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم لە پەیامێکدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی: کردەوە تێرۆریستییەکان و جینایەتەکانی ئیسرائیل لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بێوڵام نامێننەوە.

سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا، کوژرانی ٤ کەس لە هێزەکانی خۆی بە ناوەکانی حوجەتوڵلا ئومیدوار، عەلی ئاقازادە، حوسێن محەممەدی و سەعید کەریمیی پشتراست کردەوە بەلام سەبارەت بە بەرپرسایەتییەکەیان زانیارییەکی بلاو نەکردەوە.

یەکێک لە پاسدارەکانی ڕێژیم بە ناوی محەممەدئەمین سەمەدی، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریەدا، بەتوندی بریندرا بوو کە ئەویش بە هۆی توندیی برینەکانییەوە، کوژرا.

هەڕەشەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاواییش بە بەردەوامی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان لە ناوچەکە هۆشدارییان بە ڕێژیم داوە.

کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی شەوی دووشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە پاساوی هەبوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون کە دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە.