کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێوی تێرۆریست ڕەزی مووسەوی دەچێتە نێو وانەی قوتابییانەوە

17:54 - 12 بەفرانبار 2723

وەزیری پەروەردەی ڕێژیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بنەماڵەی ڕەزی مووسەوی باسی لەوە کردووە کە نێوی ئەم پاسدارەی ڕێژیم، دەخرێتە چوارچێوەی کتێبە دەرسییەکانەوە.

ڕەزا مورادسەحرایی وەزیری پەروەردەی ڕێژیم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بنەماڵەی ڕەزی مووسەوی فەرماندەی کوژراوی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران وتی: قارەمانییەتییەکانی مووسەوی دەبێ بچێتە نێو وانەی قوتابییانەوە.

موراد سەحرایی هەروەها باسی لە دروستکردنی قوتابخانەیەک لە زەنجان بە نێوی ئەم پاسدارە تێرۆریستە کردووە.

ڕەزی مووسەوی فەرماندەی باڵای سپای قودسی ڕێژیم لە سووریە بوو کە دەستی بە کوشتنی سەدان خەڵکی ناڕازی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد سوور بوو.

ناوبراو حەوتووی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا لە زەینەبییەی دەمێشق کرایە ئامانجی موشەکەکانی ئیسرائیل و کوژرا.

ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە گونجاندنی ئیدۆلۆژیی خۆی و چەواشەکاری لەنێو وانەی قوتابییان و خوێندکاران، بەردەوام هەوڵی داوە تاکوو لاوان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

پێشتریش هەواڵدەرییەکانی ڕیژیم باسیان لە زیادکردنی وێنە و بابەتی پێوەندیدار بە قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودس کردبوو تاکوو بە وتەی کاربەدەستانی ڕێژیم، لاوەکان ئینقلابی بار بێن.