![](/content/upload/1/news/69606_w920.jpg)
بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:
٧٨ساڵ بەسەر ٢ی ڕێبەندانی ساڵی١٣٢٤ی هەتاویدا تێ دەپەڕێت. ڕووداوێک کە بوو بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد بە گەشتی و بە تایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان .
ڕاگەیاندنی سیستەمی کۆماڕی لەو هەڵ و مەرجە مێژوویی ۆ جوغرافیاییەدا شتێکی دەگمەن و بوێرانە بوو. لەو کاتەدا کە هەموو ئێران بە دەست سیستەمی پاشایەتی و ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرە سەرەڕۆکان دەچەوساوە، دامەزراندنی سیستەمێکی کۆماری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خەڵکی بەو پەڕی دادپەروەری وعەداڵەت خوازیەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەو سەردەمەدا شتێکی دەگمەن و نەبینراو بوو.
ئەو کۆمارە لە تەمەنی زێڕینی ١١ مانگەی خۆیدا لە ژێر گوشاری هەمەلایەنەی دەرەکی و نێوخۆوە، بەو پەڕی لێوەشاوەیی و کارامەیەوە توانی ئەوەندە کار بکات کە جێ پەنجەی تا ئەمڕۆ لەسەر کۆمەڵگای کوردی کاردانەوەی هەبێت، بەشێوەیەک کە نەتەوەی کورد وەک نۆستالۆژی سەێری بکات و ئاواتەخوازی وێناکردنەوەی دووبارەی بخوازێ.
١١مانگ بەڕێوەبردنی وڵات بە ڕێبەرایەتی کەسایەتییەکی تاقانە و گیان لە سەر دەست کە پاش ڕووخانی کۆمار بە پیلانی زلهێزەکان و بە دەستی پیسی هێزی دواکەوتوو و کۆنەپەرەستی ناوخۆیی ئەو سەردەمە، بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی نەتەوەکەی خۆی دەکاتە قۆچی قوربانی، ئەو بوێرانە دەچێتە سەر دار و بۆهەتا هەتایە لەمێژووی نەتەوەکەیدا خۆی دەکاتە سەرداری گەلی کورد وئازادیخوازانی جیهان.