کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧ ڕێکخراوی ئێرانی لە ئۆسترالیا داوایان کرد کە ناوی سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکان

11:08 - 1 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار یەکیەتی ڕێکخراوەکانی ئێرانی کە لە وڵاتی ئۆسترالیا نیشتەجێن، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک وەزیری ئۆسترالیا ئانیۆنی ئاڵبانیزی و دادستانی گشتی ئەو وڵاتە داوایان کرد کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێتە نێو لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانی ئەوە وڵاتەوە.

لەو نامەیەدا نووسراوە کە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن وڵاتی ئۆسترالیاوە هەنگاوێکی گرینگە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەیەک کە تەنیا لەسەر خەڵکی ئێران و ئێرانییەکان نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو جیهان.

هەروەها لەو نامەیەدا ئاماژە بە هێرشەکانی چەند هەوتووی ڕابردووی گرووپی حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دەریای سوور، هێرشی مووشەکی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران بۆ سەر بۆ هەرێمی کوردستان و پاکستان، هەروەها کوشتنی خەڵکی بێ تاوان لە نێوخۆی ئێراندا کراوە.

ئەو ٢٧ ڕێکخراوانە لەو نامەیەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چالاکییەکانی سپای پاسداران دەرخەری پێبەند نەبوونی ئەو ڕێژیمەیە بە نۆرمە نێودەوڵەتیەکان، کە نە تەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز دەکات، بەڵکوو ڕێگە بۆ تێرۆر و شەڕ و تێکەڵچوونی گەورەتر خۆش دەکات و بە تێرۆریست ناساندی سپای پاسداران هەنگاوێکە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئەمنییەتی جیهانی.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، لە ماوەی ڕابردووش دا چەندین نوێنەر و سێناتۆری ئۆسترالیایی ئەو داوایەیان لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیان کردبوو.