کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕاژیدیای "ڕەندۆڵە"؛ حەماسەیەکی نەتەوەیی

11:53 - 1 رێبەندان 2723

فاڕووق سۆهرابی

کاتێک باسی خەبات یان تێکۆشانی ڕزگاری‌خوازانە لە کوردستان دەکرێ، خێرا ڕوانینەکان بۆ لای خەباتی چەکداری، بەرگری و شەڕی پێشمەرگانە و ئازاییەتی و قارەمانەتی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان دەچێ .

لێکدانەوەی ئەو دەستەواژانە لەگەڵ ئەوەیکە نیشاندەری زیندوویی و هەستی نەتەوەییمانن، لە هەمان کاتدا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەگە ئەو لاپەڕە پڕ سەروەرییانە لە مێژووی گەلەکەماندا نەبووبان، داگیرکاری و کڵۆنیالیزمی حکومەتە هێژموونیخوازەکانی ناوچەکە بە ئاسانی بنەما سەرەکییەکانی نەتەوەیی کوردیان دەتواندەوە و ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەمانە بێگومان ئەگە نەڵێەین هەمووی، لانیکەم بەشی زۆری بۆ لەمەیداندابوونی رۆڵە بەجەرگەکانی نەتەوەکەمان دەگەڕێتەوە.

ئاشکرایە؛ هەست و ئازایەتی بە تەنیا بەس نییە بۆ رزگاربوون و ئەگە ڕوانگەیەکی رەخنەگرانەمان بۆ مێژووی جووڵانەوەکانی کورد هەبێ، بە ئاکام نەگەیشتن و درێژبوونەوەی مەودای بزووتنەوەکان بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندنەوەی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان و بیرکردنەوەی بەرتەسک کە لەو دەرفەتانەی بۆمان هاتوونەتە پێش نەمانتوانیوە زانایانە کەڵک وەربگرین. بۆ نموونە خێڵەکی و بنەماڵەیی بیرکردنەوەمان لەکاتی سەرکەوتن، نا یەکگرتوویمان و رێگەدان بە دووژمن بۆ سازکردنی دووبەرەکی هەتا باوەڕکردن بە پیلانگێڕیی و چەواشەکارییەکانی داگیرکەران لە کاتی دانووستان یان لاوازی دووژمن و... .

بە ئاوڕدانەوەیەک لە دیرۆکی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای ئەوەی کە زیاتر لە سەدەیەکە لە ژێر داگیرکاری و هێرشی سەربازی و گۆڕینی دێموگڕافی و ئەنفالی سپی و دەیان تەڵەکەی داپڵۆسێنەری دیکە بۆ سڕینەوەی شووناسی نەتەوەیی کورد لە لایەن دوو رێژیمی فاشیستی میللی مەزهەبی(پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی) دەردەکەوێ گەلی کورد نەک تەنیا تەسلیم نەبووە بەڵکوو لە هەر دەرفەتێک بۆی ڕەخسابێ بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی بە خەباتی خۆی داوە .

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا، چەند تڕاژێدیا و ڕووداوی سرووشتی و جینایەتی رێژیمی بینی کە هەر کام لەوانە لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت و لە جینایەتەوە بۆ حەماسە و لە ڕووداوەکانەوە بۆ یەکگرتووی و بە هانای یەکتر چوونەوە گۆڕدراون و زانایانە کەڵکیان لێ وەرگیرا. بۆ وێنە؛ ڕووداوی سرووشتی بوومەلەرزەی ساڵی ١٣٩٧ لە پارێزگانای ئیلام و کرماشان کە بووە هۆی وێرانکارێکی یەکجار زۆر و زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام گەلی کورد لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێوەی خۆڕسک و هەست بە بەرپرسیارەتی نەتەوەی بە پێکهێنانی کەمپەین‌گەلێک هەڵمەتی هاوکاری کۆکردنەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر پاڵپشتی خۆیان بە خوشک و برایانی خۆیان دەڕبڕی. ئەوە لە کاتێک دابوو رێژیم نەک تەنیا وەک پێویست بەهانای لێقەوماوانەوە نەچوو، بەڵکوو ڕێگریشی دەکرد لە هەمبەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان. لە کاتی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، کیژە کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن پۆلیسی بە ناو ئەخلاق لە تاران، بە بیانووی نەبوونی سەرپۆش یان ئەوەی پێی‌دەگوترێ "حیجابی زۆرەملێ"، بوو بە هۆی ئەوەیکە لە ماوەیەکی کەمدا لە سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستی جەماوەری بگیرێ و دواتر بە هیمەت و هاوکاری هەموو چین و توێژێکی کوردستان، ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بە دژی ئەو جینایەتە دەست پێبکات کە شەپۆلەکانی ئەو شۆڕشە لە کوردستانەوە بەرەو شارەکانی دیکەی ئێران هەڵکشا و دەستەڵاتی ئێرانی وەلەرزە خست و بۆ هۆی ئەوەی کە رێژیم بە سەرکوتی خوێناوی و شەهیدکردنی دەیان لاوی ڕاپەڕیوی نەتەوەکەمان شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵتانی خوێن و بەندیخانەکانیش پڕ بکات، بەڵام ناوی ژینا و درووشمی  "ژن ژیان ئازادی" بووە ڕەمزێک و هاوارێک کە گەیشتە هەموو وڵاتانی دنیا و بە تەواوەتی شەرعیەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی رێژیمی تارانی هێنایە ژێر پرسیار.

یان، کاتێک چەند ڕۆژ لەمەوبەر پێنج شاخەوانانی یانەی "کاویان"ـی نەغەدە کە بۆ کەژوانیی سەردانی چیای "ڕەندۆڵە"یان لە ناوچەی شنۆ کردبوو و مەخابن بەهۆی پسانی ڕنووە کەوتنە ژێر بەفر، لە یەکەم ڕۆژدا دوو شاخەوان دۆزرانەوە بەڵام سێ شاخەوانی دیکە هەر لە ژێر بەفردا مابوونەوە و هێزەکانی خەڵکیی خۆبەخش و شاخەوانەکانی بەشێک لە شارەکانی کوردستان قۆڵی هیمەتیان هەڵماڵی و بە هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی ئاواییەکانی زمێ، ئاڵکاوێ و حەیدەرئاباد بێ وچان بەدوای ئەو سێ هاونیشتمانییەدا دەگەڕان و بێ ئەوەیکە هیچ ئیمکاناتێکی ئەوتۆیان پێ بێ. خاڵی جێ‌سەرنج ئەوە بوو چوونکە شوێنی ڕووداوەکە بەلای ڕۆژئاوادا لەشاری شنۆ نزیکە و تەنانەت ئەو شوێنە هێندە سەختیش نییە کە داموودەزگاکانی رێژیم نەتوانن خێرا بە هانای لێقەوماوانەوە بچن؛ هەروەکوو چاوەڕوان دەکرا هیچ کام لە ئۆرگانەکانی حکومەتی یان هێزە جۆراوجۆرەکانی ئەمنی کە دەرفەت و کەرەستەی باشتریان لە خەڵک هەیە، بەهانای ئەو شاخەوانانە نەچوون تەنیا تیمێکی خاچی سوور نەبێ کە ئەویش ئەندامەکانی لە خەڵکی خۆبەخەش پێکهاتوون. چوونکە سیاسەتی ڕاهبۆردی رێژیم بۆ کوردستان روانگەیەکی ئیستیعماری و ئەمنییە و پرسی ڕێکخراوەکان بەتایبەت یانەکانی شاخەوانی و ژینگەپارێزی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن داموودەزگای ئەمنییەتییەکانەوە وەک جۆرێک دژایەتی کردنی حکوومەت لێکدانەوەی بۆ دەکرێ بە تایبەتی کە کەڵک وەرگرتن کە هێما نەتەوەیتەکانی وەک جلی کوردی و جامانە، بە گشتی یەکگرتوویی و خەمخۆری نەتەوەیی لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە، بۆ رێژیم وەک مۆتەکە وایە، هەر بۆیەش هیچکات غەمی خەڵک بە هی خۆی نازانێ و لە ڕووداوی باسکراودا بەهانای شاخەوانانی ڕەندۆڵەوە نەچوون. بەڵام دیتمان خەڵکی سەربەرزی شاری شنۆ و شارەکانی دەورووبەر لە هەڵمەتێکی نیشتیمانیانەدا پێکەوە دەستیان دە دەستی یەکتر نا و بە گەڕان بەدوای رۆڵەکانیان و وەئەستۆ گرتنی هەموو تێچووەکان دوای چەند رۆژێک بەداخەوە تەرمی سارد و سڕیی ئەو شاخەوانانەیان دۆزییەوە و بەوەش نەوەستان و لە چالاکییەکی یەکگرتووانە و بە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە هەزاران کەس لە جەماوەری شارەکانی شنۆ و نەغەدە و حەشیمەتێکی زۆر لە خەڵکی خۆبەشی شارەکانی دیکەی کوردستان، بە کەڵک وەرگرتن لە هێما نەتەوەییەکانی وەک جامانە و جلی کوردی و سروود و هۆنراوەی حەماسی، ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرد.

بێگوومان ئەو بەهاناوەچوون و یەکگرتووییە، وێڕای ئەوەیکە هەستی کوردبوون و سۆزی مرۆڤی تێدا بەدیی دەکرا، بەڵام  قۆزتنەوەی ئەو دەرفەتە بۆ بەهاناوەچوونی یەکتر، کەڵک وەرگرتن لە هێما نەتەوەییەکان وەک جۆرێک لە شووناسخوازی جارێکی دیکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان تڕاژێدیایەکی دڵتەزێنی دیکەیان لە مێژووی نەتەوەکەمان، کردە حیماسەیەکی نیشتیمانی بۆ نیشاندانی لە مەیدانی بەرخودان و دژایەتی کردنی داگیرکەر و لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیان لە مێژوەی گەلی کورد تۆمار کرد.

ئەو حیماسەیەش بەجۆرێکی دیکە پاتەی کووژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی شاری مەریوانمان بیر دەخاتەوە کە شیمانە دەکرێ لە لایەن رێژیمەوە بە ئانقەست یان بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاگری تێبەردرا و ژینگەپارێزانی کورد بە هەمان رۆحیەتی وڵاتپارێزی و ژینگە دۆستی و نیشتیمان خۆشەویستی، بە خوێنی خۆیان، بەگژدا چوونەوەی ئاگریان کردەوە حەماسەیەکی دیکە .

هەموو ئەو ڕووداوانەی کە باسمان کرد دەچنە چوارچێوەی مانایی و کۆنتێکسی چەمکی «ۆشیاری نەتەوەیی»، دەستەواژەیەک کە پێمان دەسەلمێنی نەوەیەکی ئاگا و زیندوو و دەروەست و دڵسۆز، بەشێوەی مەیدانی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ پارێزگاری و بەرەوپێشچوونی شووناسی نەتەوەیی و مافەکانی دەدات و  وێدەچێت جارێکی دیکە ئەو کەمایەسییەی کە لە رابردوودا هەمانبووبێ پاتە نەبێتەوە.

یەکگرتوویی و یەک‌گووتاری ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای بوونی ئایینزا و زاراوەی جیاواز و پیلانگێڕییەکانی رێژیم، دەرخەری ئاستی بەرزیی هۆشیاری نەتەوەییە و ئاگادارین کە هۆشیاری نەتەوەیی هەوێنی دەرک و دەستکەوتی بزووتنەوەی سیاسییە، بەمەرجێک هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، خوێندنەوەی نوێ بۆ ئەو جیلە تازە پێگەیشتوویە بکەن کە لە ڕەوتی راپەڕینی ژینا بەتایبەت سەلماندیان، بە کردەوە لە مەیدان دان و ئامادەی هەموو فیداکارییەکن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر و بەختەوەری بۆ کۆمەڵگا.