کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانۆڕامای مێژووی کۆماری کوردستان

12:23 - 1 رێبەندان 2723

ئا: ڕەحمان نەقشی

 

ڕێوڕه‌سمی ئاڵاهه‌ڵکردن

_ ۱۷ی دێسەمبەری ۱۹۴۵ (۲۶ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۴) به ‌به‌شداری پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له ‌سه‌ربانی هه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی میللی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان له‌ شاری مه‌هاباد هه‌ڵکرا.

_ ۱۹ی دێسەمبەری ۱۹۴۵ (۲٨ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۴) کاتژمێر ۹ی به‌یانی به‌ خوێندنه‌وەی سروودی قۆتابییانی کورد و ئه‌رمه‌نی و ئاسۆری و چه‌پڵه‌لێدان و شادی به‌ به‌شداری به‌رچاوی خه‌ڵکدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ هه‌ڵکرا.

_ ۲٨ی دێسەمبەری ۱۹۴۵ (۷ی به‌فرانباری ۱۳۲۴) کاتژمێر ٨ی به‌یانی ڕێوڕه‌سمی هه‌ڵکردنی ئاڵا به‌ به‌شداری حاجی بابه‌ شێخ و کۆمه‌ڵانی بێ وێنه‌ی خه‌ڵک به‌ خوێندنه‌وەی سروود و مۆسیقا له‌ سه‌ربانی قه‌ڵای شاری بۆکان هه‌ڵکرا.

_ ۲۴ی دێسەمبەری ۱۹۴۵ (۳ی به‌فرانباری ۱۳۲۴) کرانه‌وه‌ی قۆتابخانه‌ بۆ فێرکردنی وتنه‌وه‌ی وانه‌ به‌ زمانی زگماکی کوردی و له‌ زمانی بێگانه‌کاندا ته‌نیا زمانی ڕووسی ده‌وترایه‌وه‌.

_ ٢ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۱۲ی به‌فرانباری ۱۳۲۴) کۆبوونه‌وه‌ی هه‌یئه‌تی فه‌رهه‌نگی کوردستان و په‌سندکردنی چه‌ند بڕیاری گرینگ بۆ به‌ کوردی کردنی خوێندن له‌ قۆتابخانه‌کانی کوردستان.

 

به‌شێک له‌ ڕووداو و کار و تێکۆشانی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان

_ ۲۲ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۲ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پان و به‌ریندا که‌ نوێنه‌رانی زۆر له‌ ناوچه‌کانی کوردستان تێیدا به‌شدار بوون له‌ چوارچرای‌ شاری مه‌هاباد به‌ فەرمی کۆماری کوردستان ڕاگه‌یاندرا. 

_ ۲۲ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۲ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) کارێکی سه‌مبولێک که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ ڕۆژی ۲۶ی سه‌رماوه‌ز (۱۷ی دێسەمبەری ۱۹۴۶) ڕوویدا هه‌ڵکردنی ئاڵا بوو که‌ له‌ ۲ی ڕێبه‌ندان له‌ مه‌هاباد ڕه‌سمییه‌تی پێ درا و له‌ پاشان له‌ شار و گونده‌کانی کوردستان دووپات کرایه‌وه‌.

_۲۳ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۳ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) بۆ نیشاندان و وه‌فاداری (به‌یعه‌ت) هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌ سه‌رۆککۆمار پێشه‌وا قازی ڕێوڕه‌سمێکی به‌شکۆ له‌ شه‌قامی وه‌فایی له‌ مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ چوو.

_۲۳ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۳ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بۆ ڕێکخستنی پێشمه‌رگه.

_۲۴ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۴ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) ئاهه‌نگێک بۆ جێژنی سه‌ربه‌خۆیی و ناساندنی سه‌رۆککۆمار پێشه‌وا قازی بۆ ئه‌فسه‌ران و پێشمه‌رگه‌کانی هێزی ناوه‌ندی دێموکراتی کوردستان له‌ پێشمه‌رگه‌ خانه‌ی هێزی دێموکراتی کوردستان.

_ ۲۵ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۵ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) ئاهه‌نگی به‌رپرسانی ڕاگه‌یاندن به‌ بۆنه‌ی ۲ی ڕێبه‌ندان و ناساندنی پێشه‌وا قازی به‌ به‌شدارانی ئه‌م ڕێوڕه‌سمە. 

_۲۶ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۶ ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمێک به‌ به‌شداری پێشه‌وا قازی له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی شیرکه‌تی ته‌ره‌قی کوردستان و به‌زازانی مه‌هاباد.

_ ۲۶ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۶ ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) به‌ڕێوه‌بردنی جێژنێکی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن که‌لیمییه‌کانی شاری مه‌هاباد به‌ بۆنه‌ی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان.

_ ۲۹ی ژانویەی ۱۹۴۶ (۹ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) کاتژمێر ۲ی پاش نیوه‌ڕۆ دا له‌ لایه‌ن حاجی سه‌ید ‌عه‌بدوڵڵا ئه‌فته‌دی جیژنێکی زۆر جوان به‌ شانازی پێشەوای کوردستان گیرا پاش وتارێکی زۆر له‌ لایه‌ن سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز پیرۆزبایی بنه‌ماڵه‌ی نه‌هری خوێنده‌وه‌.

_ ۱۱ی فێوریە‌ی ۱۹۴۶ (۲۲ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) پێکهێنانی حکوومه‌تی کوردستان وهه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی میللی (کابینه‌ی سه‌رۆک وه‌زیران) ئه‌و هه‌یئه‌ته‌ له‌ ۱۴ وه‌زیر پێکهاتبوو. 

_ ۱۳ی فێوریەی ۱۹۴۶(۲۴ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) بڵاو کردنه‌وه‌ی دوو بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌ئیسی هه‌ئیه‌تی میللی کوردستان: ۱- ڕه‌دوو که‌وتنی کچان و ژنان قه‌ده‌غه‌یه‌ ۲- پرسه‌ی مردوو به‌ ئه‌مری شه‌رعی ئیسلام بێ.

_ ۱۵ی فێوریەی ۱۹۴۶ (۲۶ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴) به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمێک به‌ بۆنه‌ی جێژنی سه‌ربه‌خۆیی و ناساندنی پێشه‌وای کوردستان له‌ گوندی بالانیش به ‌به‌شداری گه‌لیک له‌ ئاغا و جووتیار و فه‌لاح ده‌ورووبه‌ری بالان و ورمێ.

_ ۲٨ی فێوریەی ۱۹۴۶ (۹ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۴) بانگهێشتی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و پێشوازی فه‌رمی له‌ لایه‌ن پێشه‌وا قازی محەممەد بۆ شاری مه‌هاباد.

_ ۱ی مارسی ۱۹۴۶ (۱۰ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۴) له‌ لایه‌ن مامۆستایانی قۆتابخانه‌ی کچان کاتژمێر ۲ پاش نیوه‌ڕۆ له‌ ساڵۆنی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ جێژنیکی زۆر جوان به بۆ‌نه‌ی پێکهاتنی ئاواتی چه‌ندین ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ناساندنی پێشه‌وا و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به ‌به‌شداری ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خه‌ڵکی شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ چوو.

_ ۱۵ی مارسی ۱۹۴۶ (۲۴ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۴) دامه‌زرانی ڕێکخراوی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان.

_ ۲۰ی مارسی ۱۹۴۶ (۲۹ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۴) نامه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د سه‌رۆککۆماری کوردستان بۆ سکرتێری گشتیی پارتیی کۆمۆنیستی ئازه‌ربایجان میر جه‌عفه‌ر با‌قرۆف له‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێران.

_ مارسی ۱۹۴۶ (خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۲۵) بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاری کوردستان ژماره‌ ۳ که‌ گۆڤارێکی ئه‌ده‌بی، مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوو (ژماره‌کانی ۱و ۲ی ئه‌م گۆڤاره‌ له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی ۱۳۲۴ دێسامبری ۱۹۴۵ بڵاو کرابوونه‌وه‌).

_ ۴یئەپڕیلی ۱۹۴۶ (۱۵ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۲۵) ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ک له‌سه‌ر چوونه‌ده‌ر له‌شکری سوور به‌ ئیمزای قه‌وام و سادچیکۆف بڵاو کرایه‌وه‌.

_ ۲۱ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶(۱ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) دامه‌زرانی دیوانی شه‌ڕی هێزی دێموکرات و په‌سه‌ندکردنی یاسای سه‌زادانی که‌ له‌ ۹خاڵ پێکهاتبوو.

_ ۲۳ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶(۳ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) په‌یمانی دۆستایه‌تی و هاوکاری له‌ نێوان دوو حکوومه‌تی کوردستان و ئازه‌ربایجان له‌ لایه‌ن‌ دوو هه‌یئه‌تی ڕه‌سمی به‌ سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی و جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری له‌ شاری ته‌ورێز ئیمزا کرا .

_ ۲۴ی ئاوڕیلی ۱۹۴۶ (۴ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) و ‌ڕێکه‌وتنی ستوونێکی ئه‌رته‌شی ئێران بۆ گه‌یاندنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و خواردن بۆ دوو پادگانی بانه‌ و سه‌رده‌شت که‌ له‌ گوندی قاراوا له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی بارزانی تووشی شه‌ڕ بوون.

_ ۲۵ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶(۵ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) پێشه‌وای قازی سه‌رۆککۆماری کوردستان ده‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیر و باقی وه‌زیرانی ئازه‌ربایجان و سه‌رانی فیرقه‌ی دێموکرات چوونه‌ شاه گۆڵی و هێزی ئازه‌ربایجانییان به‌ سه‌ر کرده‌وه‌.

_ ۲۷ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶(۷ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) په‌سندکردنی یاسای سه‌زادان به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مرییه‌ی ژماره‌ ۱۶۰۷ - ۱.۲. ۲۵ی کۆمیته‌ی ناوەندی (حیزبی دێموکراتی کوردستان) دیوانی شه‌ڕی هێزی دێموکراتی پێکهات.

_ ۲٨ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶ (٨ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) سه‌فه‌ری ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی تێکه‌ڵاوی ئازه‌ربایجان و کوردستان به‌

سه‌رۆکایه‌تی پیشه‌وه‌ری و قازی محه‌ممه‌د بۆ تاران.

_ ۲۹ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶ (۹ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) کورته‌ی نۆتقی پیشه‌وه‌ری و پێشه‌وا له‌کاتی سه‌فه‌ر بۆ تاران له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ته‌ورێز.

_ ۲۹ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶ (۹ی بانه‌مه‌ڕ ی ۱۳۲۵) هێرشی هێزی زه‌مینی و هه‌وای هێزه‌کانی ئێرانی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات له‌ شاخی بیژنگ به‌ سه‌ر، که‌لی سه‌را و کیوی بالومان. ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ به‌ هۆی تێک شکانی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی.

_ ۳۰ی ئەپڕیلی ۱۹۴۶ (۱۰ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) بۆ یه‌که‌م جار ده‌زگای ڕادیۆ که‌ پێیان ده‌گوت ئیستاسیۆنی ڕادیۆ له‌ ڕێوڕه‌سمی تایبه‌تدا به‌ وتاری پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌ شاری مه‌هاباد کرایه‌وه‌.

_ ۲ی مای ۱۹۴۶ (۱۲ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) دوو نامه‌ی ژێنڕاڵ محه‌ممه‌د ڕه‌شید خان، فه‌رمانده‌ی هێزی بۆکان و ناوچه‌ و به‌رپرسی جه‌بهه‌ی سه‌قز، له‌سه‌ر چۆنیه‌تی شه‌ڕ و پێشنیاره‌کانی خۆی بۆ به‌رپرچدانه‌وه‌ی هێزی دوژمن بۆ پێشه‌وا قازی. 

_ ۵ی مای ۱۹۴۶ (۱۵ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) کۆبوونه‌وه‌ پێشه‌وا قازی له‌ گه‌ڵ هێندێک له‌ سه‌رانی عه‌شائیری مه‌نگۆڕ، مامه‌ش، زه‌ڕزا، گه‌ورک، دیبووکری، قه‌ره‌پاپاغ و ئه‌فسه‌رانی بییانی هێزی دێموکرات.

_  ۱۰ی مای ۱۹۴۶ (۲۰ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) له‌شکری سوور هێزه‌کانی سۆڤییه‌ت ئێرانی به‌جێهێشت.

_ ۱۲ی مای ۱۹۴۶ (۲۲ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) قه‌وام سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێران هه‌یئه‌تی ئازه‌ربایجانی تاوانبار کرد که‌ ئاماده‌ نین پێشنیاره‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی قبووڵ بکا.

_ ۱۳ی مای ۱۹۴۶ (۲۳ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) وه‌ڤدی هاوبه‌شی کوردستان و ئازه‌ربایجان به‌ سه‌ر نه‌که‌وتوویی له‌ تاران گه‌ڕانه‌وه‌.

_ ۱۴ی مای ۱۹۴۶ (۲۴ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) پیشه‌وه‌ری گه‌ڕایه‌وه‌ ته‌ورێز ڕایگه‌یاند که‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی داوای ته‌سلیم بوونی بێ شه‌رت و مه‌رج ده‌کا (قه‌یدو شه‌رت) له‌ ئازه‌ربایجان ده‌کا.

_ ۱۶ی مای ۱۹۴۶ (۲۶ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنه‌ری حکوومه‌تی کوردستان له‌ تاران گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌هاباد.

_ ۲۱ی مای ۱۹۴۶ (۳۱ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) ئەبولقاسمی سەدری قازی له‌ میتینگێکدا له‌ مه‌هاباد ڕاپۆرتێکی ده‌رباره‌ی وتووێژەکانی خۆیان له‌ تاران بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک باس کرد.

_ ۲۱ی مای ۱۹۴۶ (۳۱ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) وتاری پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌میتینگی ئه‌و ڕۆژه‌ دا بۆ سه‌ران و سه‌رکرده‌ و ژێنێنڕاڵ و مه‌زنانی کوردستان وبه‌شدارنی چه‌ند هه‌زار که‌سی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک.

_ ۵ی مای ۱۹۴۶ (۱۵ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۲۵) بەشداری دەستەی نوێنەرایەتی کۆماری کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕێوڕەسمی بەڕێ کردنی لەشکری سوور له‌ شاری تەورێزێ.

_ ۲۶ی مای ۱۹۴۶ (۵ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۵) دانیشتن و وتووێژی کار به‌ده‌ستانی ئێران له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری کوردستان بۆ پشگیری له ‌تێکهه‌ڵچوون له‌ نێوان هێزه‌کاندا پێشنیاری ناوچه‌یه‌کی بێ لایه‌نی ۴کیلوومیتری له‌ سه‌قزه‌وه. ,به‌ره‌و بانه‌ و له‌سه‌قزه‌وه‌ به‌ره‌و بۆکان.

_ ۳۱ی مای ۱۹۴۶ (۱۰ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۵) ده‌ستنیشان كرانی مه‌لا مسته‌فا بارزانى وه‌كوو ژێنێڕاڵ له‌ سوپاى كۆمارى کوردستان له ‌لایه‌ن پێشه‌واقازى محه‌ممه‌د سه‌رۆککۆماری کوردستان.

_ ۱۵ی جوونی ۱۹۴۶ (۲۵ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۵) پاد‌گانی سه‌قز به ‌سه‌رکرده‌یی سه‌ر له‌شکر حاجی عه‌لی ڕه‌زم ئارا ده‌ستی کرد به‌ ئاگر بارانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی ده‌وروو به‌ری شاری سه‌قز

ــ ۱۶ی جوونی ۱۹۴۶ (۲۶ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۵) چاوپێکه‌وتنی نێوان ڕه‌زم ئارا و پێشه‌وا قازی له‌ سه‌ر ڕێکه‌وتنی 5ی جۆزه‌ردان له‌ گوندی سه‌رای بۆکان و سه‌قز.

_ ۲۰ی جوونی ۱۹۴۶ (۳۰ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۵) هاشمۆف کونسۆلی سۆڤییه‌تی له‌ ورمێ چوو بۆ لای پێشه‌وا قازی له‌ گوندی سه‌را.

_ ۲۲ی جوونی ۱۹۴۶ (۱ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) وتووێژی په‌یامنێری ئاژانسی فڕانس پرێس له‌ گه‌ڵ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د سه‌رۆککۆماری کوردستان.

_ ۲۹ی جوونی ۱۹۴۶ (٨ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) قه‌وام سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێران حیزبی دێموکراتی ئێران حیزبی ده‌وڵه‌تی خۆی دامه‌زراند.

_ ۵ی جوولای ۱۹۴۶ (۱۴ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ته‌واوی سه‌رکرده‌ و کاربه‌ده‌ستانی ئیدارات بۆ ئاماده‌کاری و په‌روه‌رده‌ و فێرکردنی (ته‌علیمات)ی پێشمه‌رگه. 

_ ۵ی جوولای ۱۹۴۶ (۱۴ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) کاتژمێر ٨ی به‌یانی محه‌ممه‌د حوسێن خانی سه‌یفی قازی وه‌زیری به‌رگری و ژێنڕاڵ مایۆر مسته‌فا بارزانی ده‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ردانی جه‌بهه‌ وه‌ڕێکه‌وتن.

_ ۹ی جوولای ۱۹۴۶ (۱٨ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) له ‌سه‌ر بانگهێشتنی فه‌رمی قازی محه‌ممه‌د بۆ تاران، مەهابادی به‌ره‌و ته‌ورێز به‌ جێهێشت. پاش وتووێژ له‌ گه‌ڵ کار به‌ده‌ستانی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان و شووره‌وییه‌کان، به‌ فڕۆکه‌یه‌یه‌کی شیرکه‌تی هه‌وایی سۆڤییه‌ت به‌ره‌و تاران وه‌ڕێکه‌وتن.

_ ۹ی جوولای ۱۹۴۶ (۱٨ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) بۆ جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نوێنه‌رانی حکوومه‌تی کوردستان له‌ شاره‌کانی سه‌قز، بانه‌ و سه‌رده‌شت وه‌زیری هێزی میللی کوردستان ژێنڕاڵ سه‌یفی قازی له‌ نامه‌یه‌کی ڕه‌سمی محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ جێگری سیاسی وه‌زاره‌تی هێزی کوردستان بۆ ئه‌و کاره‌ دانا.

_ ۱۰ی جوولای ۱۹۴۶ (۲۰ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) جه‌وله‌ی سه‌حرایی پێشمه‌رگه‌کانی هێزی ناوه‌ندی کوردستان له‌ ده‌رەوه‌ی شاری مه‌هاباد.

_ ۱۳ی جوولای ۱۹۴۶ (۲۳ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) حکوومه‌تی قه‌وام پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی بانگ کرد بۆ تاران بۆ وتووێژ له‌ سه‌ر ڕێکخستنه‌وه‌ی جۆری په‌ێوه‌ندی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و حکوومه‌تی کوردستان.

_ ۱۷ی جوولای ۱۹۴۶ (۲۷ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشه‌وا قازی له‌ سه‌فه‌ری تاران و پێشوازی گه‌رمی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ مه‌هاباد.

_ ١٨ی جوولای ۱۹۴۶(۲٨ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) وتووێژی ڕۆژنامه‌ی ڕه‌هبه‌ر ئۆرگانی حیزبی تووده‌ له‌ گه‌ڵ پێشه‌وا قازی سەبارەت بە وتووێژەکانی له‌ گه‌ڵ کار به‌ده‌ستانی تاران.

_ ۱٨ی جوولای ۱۹۴۶ (۲۷ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵) گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشه‌وا قازی له‌ نێو به‌ پیله‌وه‌ هاتن و پێشوازی ئه‌ندامان و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کار به‌ده‌ستانی حکوومه‌تی که‌ تا میاندوا و به‌ پیل به‌ڕێزیانه‌وه‌ هاتبوون و هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن خه‌ڵک و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ عه‌شیره‌ته‌کان و گوندنشیینه‌کان که‌ هه‌ستی خۆیان ده‌رده‌بڕی و گوڵبارانیان ده‌کرد گه‌یشته‌وه‌ مەهاباد." 

_ ۲۶ی جوولای ۱۹۴۶ (۴ی گه‌لاوێژی ۱۳۲۵) وتاری پێشه‌وای قازی محه‌ممه‌د له‌ کاتێکدا خۆی ئاماده‌ کردبوو بۆ سه‌فه‌ری ورمێ و‌ دیداری له‌ گه‌ڵ قه‌واموسه‌ڵته‌نه و ‌باس له‌ سه‌ر هه‌ڵومه‌رجی کوردستان بۆ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئاغایانی مامه‌ش و زه‌ڕزا و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی شار.

_ ۲ی ئاگۆستی ۱۹۴۶ (۱۱ی گه‌لاوێژی ۱۳۲۵) سێ که‌س له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزبی تووده‌ی ئێران بوون به‌ وه‌زێری کابینه‌ی قه‌وام (ئیره‌ج ئه‌سکه‌نده‌ری، د.فیرووز که‌شاوه‌رز، مورته‌زا یه‌زدی)

_ ۲ی ئاگۆستی ۱۹۴۶ (۱۱ی گه‌لاوێژی ۱۳۲۵) تێلێگرافی پێشه‌وا قازی بۆ ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی ئێران، حیزبی تووده‌ی ئێران، حیزبی ئێران و فیرقه‌ی دێموکراتی ئازه‌ربایجان ئاماده‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ به‌ره‌ ده‌گه‌ڵ هێزه‌ ئازادیخوازه‌کان ڕاگه‌یاند.

_ ۱۵ی سێپتەمبەری ۱۹۴۶(۲۹ی گه‌لاوێژی ۱۳۲۵) دیداری پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د سه‌رۆککۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت به‌رپرسی هه‌واڵگری سه‌فاره‌تی ئه‌مریکا له‌ تاران له‌ شاری مه‌هاباد. 

_ ۲۱ی سێپتەمبەری ۱۹۴۶ (۱۳ی خه‌رمانانی ۱۳۲۵) سه‌ردانی قه‌دری جه‌میل پاشا وه‌کوو نوێنه‌ری پارتی دێموکراتی کوردی سوورییه له‌ شاری مه‌هاباد و دیدار و چاوپێکه‌وتنی له‌ گه‌ڵ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و کاربه‌دستانی کۆماری کوردستان و نزیک حه‌وتوویه‌ک له‌ مەهاباد بووه‌.

_ ۲۳ی نۆڤەمبەری ۱۹۴۶ (۲ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) زه‌نجان به‌ ته‌واوی که‌وته‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هێزه‌کانی

حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان که‌ له‌ زه‌نجان بوون چووکترین به‌ربه‌ره‌کانی یان له‌ خۆیان نیشان نه‌دا.

_ ۳ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۱۲ی سه‌رماوه‌ز ۱۳۲۵) ڕێکخراوی حیزبی تووده‌ له‌"زیراب" مازه‌نده‌ران بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کدارانه‌ی ده‌ست پێ کرد.

_ ۵ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۱۴ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) له‌ سه‌ر پێشنیاری پێشه‌وا قازی شوورای شه‌ڕ به‌ به‌شداری ۱۰ که‌س و سه‌رۆکایه‌تیی خودی پێشه‌وا بڕیاری به‌ربه‌ره‌کانی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌رته‌شی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی درا.

 _ ۶ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۱۵ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) بانگهێشتی سه‌رۆکه‌کانی عه‌شایر و ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و گه‌وره‌ پیاوان بۆ ڕاوێژ و بڕیاردان و دوا هه‌ڵوێست به‌ رامبه‌ر هاتنه‌وه‌ی ئه‌رته‌ش و ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌ مزگه‌وتی هه‌باس ئاغای مه‌هاباد.

_ ۱۰ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۱۹ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) له‌ شاره‌دێی خۆجامیر له‌ نزیک مه‌راغه‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆکی حکوومه‌ته‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان پێکهات. دواجار و بڕیار درا ‌ بۆ پێشگرتن له‌ پێشڕه‌وی هێزه‌کانی ئه‌رته‌شی ئێران هێزه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان ئاماده‌ی به‌رگری و خۆڕاگری بن.

_ ۱۱ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۰ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) له‌ ته‌ورێز شورای شه‌ڕ پێکهات بوو، به‌ڵام تووشی ڕاڕایی و سه‌رلێشوان و له‌ سه‌ر بڕیارێکی ڕوون ساخ نه‌بوونه‌وه‌.

_۱۲ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۱ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) له‌شکری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی گه‌یشته‌ شاری ته‌ورێز واته‌ ڕاست ساڵێک پاش پێکهاتنی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان. 

_ ۱۲ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۱ی سه‌رماوه‌ز ۱۳۲۵) فه‌رمان درا به‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌بهه‌کانی سه‌قز، بانه‌ و سه‌رده‌شت بکشێنه‌وه‌ و ڕێ بۆ ئه‌رته‌ش چۆڵ بکه‌ن.

_ ۱۴ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۳ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) هێندێک که‌س له‌ پیاوه‌ ناسراوه‌کانی مه‌هاباد به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دژی کۆماری کوردستان بوون له‌ گه‌ڵ چه‌ند سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک چوون بۆ پێشوازی له‌شکر و وه‌فاداری خۆیان له‌ لایه‌ن شاری مه‌هاباده‌وه‌ به‌ سه‌رتیپ هۆمایوونی ڕاگه‌یاند (له‌نێو ئه‌وانه‌دا میزا ڕه‌حمه‌تی شافعی،شێخ حه‌سه‌ن شه‌مسی بورهانی و عه‌لی ئاغای ئیلخانی زاده‌)

ــ ۱۴ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۳ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) زۆر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزبی دێموکرات چوون بۆ ماڵی پێشه‌وا قازی بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه‌ دوا بڕیاری خۆیان بۆ مانه‌وه‌ یان ده‌رباز بوون له‌ به‌رامبه‌ر له‌شکری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ساخ ببنه‌وه‌.

_ ۱۵ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۴ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) به‌شێک له‌ کار به‌ده‌ستانی فیرقه‌ی دێموکرات ئاشبه‌تاڵیان کرد و به‌ڕه‌سمی ته‌سلیم بوونی خۆیان ڕاگه‌یاند. به‌شێک دیکه‌ له‌ ڕێبه‌رانی ئازه‌ربایجان بڕیاری ده‌ست نه‌کردنه‌وه‌یاندا، پیشه‌وه‌ری له‌ سه‌ر کار لادرا و به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆی برا بۆ سۆڤییه‌ت.

 _ ۱۵ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۴ی سه‌رماوه‌ز  ۱۳۲۵) ئه‌سئوف نوێنه‌ری بازرگانی سۆڤییه‌ت مه‌هابادی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ کۆنسوولگه‌ی سۆڤییه‌ت له‌ ورمێ.

_۱۶ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۵ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ دوا جار چاوی به‌ پێشه‌وا قازی که‌وت و داوای لێ کرد له‌گه‌ڵیان بڕوا ئه‌وانیش ئاماده‌ن له‌ ژێر ئه‌مری پێشه‌وا دابن به‌ڵام پێشه‌وا مانه‌وه‌ی له‌ نێو خه‌ڵک دا هه‌ڵبژارد.

ــ ۱۶ی دێسەمبەری ۱۳۴۶(۲۵ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) پێشه‌وا قازی به‌ ته‌لیفون قسه‌ی له‌ گه‌ڵ سه‌رتیپ هۆمایونی کرد خۆی و حاجی بابا شێخ و سیفی قازی چوون بۆ پێشوازی سه‌رتیپ هۆمایوونی.

_ ۱۷ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۲۶ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۲۵) له‌شکری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێران به‌ هاوکاری به‌شێک له‌ عه‌شایر شاری مەهابادییان داگیر کرد واته‌ ڕاست پاش ساڵێک که‌ به‌ چه‌ککردنی شاره‌وانی مه‌‌هاباد خه‌ڵک خۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتبوو.

 _ ۳۰ی دێسەمبەری ۱۹۴۶ (۹ی به‌فرانباری ۱۳۲۵) دادگای ڕه‌واڵه‌تی و ناعادلانه‌ی هه‌ر سێ قازی پێکه‌وه‌ ده‌ستی پێی کرد ئه‌و دادگایه‌ نهێنی بوو، نه‌یان ده‌هێشت که‌س بزانێ چی له‌ دادگا ڕووده‌دا.

_ ۹ی ژانویەی ۱۹۴۷ (۱۹ی به‌فرانباری ۱۳۲۵) پێشه‌وا قازی بۆ خۆی داکۆکییه‌کی ڕێک و پێک و ئازایانه‌ی کرد که‌

۱۴ کاتژمێری خایاند و هه‌موو تاوانه‌کانی دادگای فه‌رمایشیی له‌شکری شای ڕه‌د کرده‌وه‌.

_ ۲۳ی ژانویەی ۱۹۴۷ (۳ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۵) واته‌ ساڵێک و ڕۆژیک پاش ئه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆککۆماری کوردستان

هه‌ڵبژێرا پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د یه‌که‌م سه‌رۆککۆماری کوردستان و محه‌ممه‌د حوسێن سه‌یفی قازی و ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی مه‌حکووم به‌ ئێعدام کران.

_ ۳۰ی مارسی ۱۹۴۷ی (١٠ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۲۶) پێشەوا قازی محه‌ممه‌د: یه‌که‌م سه‌رۆککۆماری کوردستان محەممەد حسێن خانی سەیفی قازی: جێگری سه‌رۆککۆمار و وەزیری هێزی به‌رگری کۆماری کوردستان و ئامۆزای پێشەوا قازی، ئەبولقاسمی سەدری قازی: نوێنەری خەڵکی مەهاباد و دەورووبەری لە پاڕلمانی ئێران، نوێنەری حکوومەتی کوردستان لە تاران و برای بچووکی پێشەوا قازی محه‌ممه‌د له‌ چوارچرای شاری مه‌هاباد لە سێدارە دران.

 

ناساندنی کابینه‌ی کۆماری کوردستان

_ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د: سه‌رۆککۆماری کوردستان، قازی‌ محه‌ممه‌د كوڕی‌ قازی‌ عه‌لی‌, كوڕی‌ میرزا قاسم قازییه‌. ڕابردووی‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ شاری‌ سابڵاغ بۆ چوار سه‌ده‌ پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وان نه‌ ته‌نیا له‌لای‌ خه‌ڵك به‌ڵكوو له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران‌ و به‌رپرسانی‌ حكوومه‌تییش جێگه‌ی‌ ڕێز‌ و ته‌قدیر بوون.

_ حاجی بابه‌ شێخ سیاده‌ت: سه‌دری هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ (سه‌رۆک وه‌زیر) خه‌ڵکی شاری بۆکان بوو، له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان دا ته‌مه‌نی ۶٨ ساڵ بوو. به‌ڕێزیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌یده‌کانی زه‌مبیل بوو و له‌ کارو باری شه‌رعیدا زۆر زانا و کارامه‌ بوو . له‌ هه‌ستان و دانیشتنی گشتیدا له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک باش ده‌جووڵاوه‌. ئه‌ندامی "ژ.ک" نه‌بوو، له‌ ساڵی ۱۳۲۴ له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی دێموکرات که‌وت.

_ محه‌ممه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی: وه‌زیری به‌رگری، جێگری سه‌رۆککۆماری، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب ئامۆزای خوالێخۆشبوو قازی محه‌ممه‌د. دڵخوازانه‌ ببوو به‌ ئه‌ندامی "ژ.ک" فه‌رمانده‌یی ئه‌رته‌شی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو. به‌ڕێزیان که‌سێکی زۆر گه‌رم بوو و بوێری و ئازایی له‌ باوکی سه‌یفولقوزات شاعیری شۆڕشگێڕی کورد بۆ به‌ میرات به‌ جێ مابوو.

_ مه‌نافی که‌ریمی: وه‌زیری فه‌رهه‌نگ، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب ۲۵ ساڵه‌ له‌ ئه‌ندامانی "ژ.ک"، یاریده‌ری قازی

محه‌ممه‌دی له‌ کارو باره‌کانی له‌ مه‌ڕ کۆمیته‌کانی حیزبی له‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو.

_ محه‌ممه‌د ئه‌مین مۆعینی: وه‌زیری ناخۆی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب نزیکییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ بازرگانانی سۆڤییەت له‌ ته‌ورێز هه‌بوو و جێی باوه‌ڕی و دڵنیایی ئه‌وان بوو.

_ سه‌ید محه‌ممه‌دی ئه‌یووبییانی مه‌رکه‌زی (ته‌ها زاده‌): وه‌زیری ته‌ندروستی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب لاوێکی سی ساڵه‌ بوو و بۆ خۆی خۆی پێگه‌یاندبوو و له‌ ئه‌ندامانی له‌ مێژینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی "ژ.ک" بوو.

_ عه‌بدولڕه‌حمانی ئیلخانی زاده‌ (موهته‌دی): وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ خاوه‌ن موڵکانی به‌ ده‌سته‌ڵاتی شاری بۆکان، خوێندنی ئایینی زۆر باشی هه‌بوو یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵکه‌وتووی "ژ.ک" بوو، ته‌مه‌نی نزیک ۳۵ساڵ ده‌بوو و له‌ پێناو "ژ.ک" دا چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی زۆری کێشابوو.

_ سمایل ئاغای ئیلخانی زاده‌: وه‌زیری ڕێگاوبان ته‌مه‌نی ۳۵ ساڵ بوو کوڕی مه‌حموود ئاغای ئیلخانی زاده‌ ، له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی شاری بۆکان بوو. له‌ ساڵی ۱۹۴۴ دا بوو به‌ ئه‌ندامی "ژ.ک"

_ ئه‌حمه‌دی ئیلاهی: وه‌زیری بازرگانی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب ته‌مه‌نی ۴۰ ساڵ بوو، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانی "ژ.ک" دا بوو به‌ ئه‌ندام شاره‌زایه‌کی باشی هه‌بوو له‌ سه‌ر پرسی ئابووری.

_ خه‌لیلی خوسره‌وی: وه‌زیری کار ۳٨ ساڵان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب له‌ ئه‌ندامانی ژ.ک بوو، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ که‌ ته‌شکیلاتی حیزب به‌ ته‌واوی نهێنی بوو زۆربه‌ی دانیشتنه‌کان له‌ ماڵی به‌ڕێزیان ده‌کران.

_ که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین: وه‌زیری پۆست و تێلێگراف، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب ۴۰ ساڵان بوو، له‌ ساڵی ۱۹۴۵دا بوو به‌ ئه‌ندامی "ژ - ک."

_ حاجی مسته‌فای داوودی: وه‌زیری ئابووری، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب ۵۵ ساڵان له‌ بنه‌ماڵه‌ ناسراوه‌کانی مه‌هاباد بوو، له‌ ساڵی ۱۹۴۵ دا ئه‌ندامه‌تی " ژ.ک "ی په‌ژڕاند، له‌ ته‌جاره‌ت و سه‌ودا و مامڵه‌ دا زۆر زانا وئاگای له‌ مه‌سه‌له‌کانی ڕۆژانه‌ بوو.

_ مه‌لا حوسێنی مه‌جدی: وه‌زیری دادپه‌روه‌ری ۶۵ ساڵان خوێنده‌وارترین و به‌نێو بانگترین پیاوی ئایینی بوو و ئیعتبار و بایه‌خی دینی و قه‌زایی زۆر به‌رزی هه‌بوو.

_ مه‌حموودی وه‌لیزاده‌: وه‌زیری کشتوکاڵ ۲۳ ساڵان مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی کشتوکاڵی که‌ره‌جی ته‌واو کردبوو، له‌ ساڵی ۱۹۴۳دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک ، له‌ کاروباری کشتوکاڵ دا خاوه‌ن ڕا بوو.

_ سه‌دیقی حه‌یده‌ری: وه‌زیری ڕاگەیاندن (ته‌بلیغات) ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ژ.ک، له‌ کاروباری حیزبیدا زۆر چالاک بوو و له‌ پێناو ئازادی کوردستاندا زه‌حمه‌تی زۆری کێشا.

 

شەهیدانی کۆماری کورستان

_ خۆشەوی خەلیل مزووری: ۲۵ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۵ (۱۵ی جوونی ۱۹۴۶) لە پێشمەرگەکانی هێزی لکی بارزانی لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە گەڵ ئەرتەشی ئێران لە جەبهەی سەقز لە گەڵ ۱۰ پێشمەرگەی دیکە بریندار دەبێ وسەرەڕای ئەوەی دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە لە تەورێز دوای چوار ڕۆژ شەهید ده‌بێ.

_ محەممەدی نانەوازادە: ۲۵ی پووشپه‌ڕی ۱۳۲۵ (۱۶ی جوولای ۱۹۴۶) سەرپۆلی ۲ جێگری سیاسی وه‌زاره‌تی هێزی کۆماری کوردستان لە که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌ له‌ نێزیک که‌لیخان نێوان بانە و سەقز.

شه‌هیدانی له‌ سێداره‌ دراوی کۆماری کوردستان له‌ شاری سه‌قز

_ عەلی بەگی شێرزاد: ۲۵ی ڕێبەندانی ۱۳۲۵ (۱۵ی فێوریەی ۱۹۴۷) (عەلی بەگی یەکشەوە) یەکێک له‌ خاوەن مڵکانی گوندی یەکشەوە و فەرماندەرانی هێزی چڵی ۵ی ناوەندی هێزی کۆماری کوردستان سەر بە عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگی لە ناوچەی بۆکان لە تەنیشت حەوزی بۆکان لە سێدارە درا.

_ شێخ ئەمینی ئەسعەدی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (شێخ ئەمینی کەسنەزان) خاوەن مڵکی گوندی "کەس نەزان"ی سەقز، ئامۆزای شێخ سدێقی ئەسعەدی.

_ شێخ سدێقی ئەسعەدی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) شێخ سدێقی یازی بوڵاغی خاوەن مڵکی گوندی "یازی بڵاغی" سەقز، ئامۆزای شێخ ئەمینی کەسنەزان.

_ عەلی ئاغای جەوانمەردی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (عەلی ئاغای تەمووتە) خاوەن مڵکی گوندی

"تەمووتە" و لە هۆزی گەورکی سەقز.

_ ڕەسووڵ ئاغای مەحموودی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (ڕەسووڵ ئاغاتی میرەدێ) خاوەن مڵکی گوندی "میرەدێ" و لە هۆزی گەورکی سەقز.

_ ئەحمەد خانی شەجیعی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (ئەحمەد خانی کەڵتەگە) خاوەن مڵکی گوندی "کەڵتەگە"ی سەقز و لە بەرەبابی ڕەشید خانی شەجیع ولسەلتەنەی عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگی.

_ عەلی خانی فاتیح: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (عەلی خانی قەلەندەر) خاوەن مڵکی گوندی "قەلەندەر"ی سەقز لە بەرەبابی حاجی حەمە حەسەن بەگی عەشیرەتی فەیزوڵابەگی.

_ حەسەن خانی فەیزوڵڵابەگی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (حەسەن خانی کانی نیاز) خاوەن مڵکی گوندی کانی نیاز"ی سەقز لە بەرەبابی ئاغا شێربەگی عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگی.

_ محه‌ممه‌د خانی دانیشوه‌ر: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) خاوەن مڵکی گوندی "ئاڵکەلوو"ی سەقز و یەكێکی دیکە لە کوڕانی خەلیل خانی فەیزوڵڵابەگی سەر بە بەرەبابی ئاغا شێربگە و برای ئەحمەد خانی فارۆقی لە بنەماڵەی فەیزوڵڵابەگی.

_ محەممەد خانی فەیزوڵڵابەگی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (محەممەد خانی باباخان بەگ) خاون مڵکی گوندی "قارەوا چکۆڵە"ی سەقز سەر بە بەرەبابی ئاغا شێربەگی عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگی.

_ عەبدوڵڵا خانی مەتین: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (عەبدوڵڵا خانی داشاڵووجە) خاون مڵکی گوندی"داشاڵووجە"ی سەقز و یەكێکی دیکە لە کوڕانی خەلیل خانی فەیزوڵڵابەگی سەر بە بەرەبابی ئاغا شێربگە و برای ئەحمەدخانی فارۆقی و محەممەد خانی دانیشوەر و لە بنەماڵەی فەیزوڵڵابەگی بوو.

_ ئەحمەد خانی فارۆقی: ۲۵ی ڕه‌شه‌ممەی ۱۳۲۵ (۱۴ی مارسی ۱۹۴۷) (سالار سەدر) موعاوینی هێزی بۆکان و ناوچه‌. شەهید ئەحمەدی فارۆقی، کە بە "ئەحمەد خانی خەلیل خان" یان بە ناوی گوندەکەیەوە بە "ئەحمەد خانی قیلەسوون" دەناسرا و لە بنەماڵەی فەیزوڵڵا بەگی بوو.

ئەحمەد خانی فارۆقی و دوو برای شەهیدی عەبدوڵڵا خانی مەتین (عەبدوڵڵا خانی داشاڵووجە) و محەممەد خانی دانیشوەر (محەممەد خانی ئاڵکەلوو) لە گەڵ پێشەوا قازی محەممەد ، سەدری قازی و سەیفی قازی خاڵۆزا و پوورزا بوون.

شه‌هیدانی له‌ سێداره‌ دراوی کۆماری کوردستان له‌ شاری مه‌هاباد

_ پێشەوا قازی محه‌ممه‌د: ۱۰ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۲۶(۳۰ی مارسی ۱۹۴۷) یه‌که‌م سه‌رۆککۆماری کوردستان له‌ چوارچرای شاری مه‌هاباد.

_محەممەد حسێن خانی سەیفی قازی: ۱۰ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۲۶ (۳۰ی مارسی ۱۹۴۷) جێگری سه‌رۆک کۆمار و وەزیری هێزی به‌رگری کۆماری کوردستان و ئامۆزای پێشەوا قازی.

_ئەبولقاسمی سەدری قازی: ۱۰ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۲۶ (۳۰ی مارسی ۱۹۴۷) نوێنەری خەڵکی مەهاباد و دەورووبەری لە پاڕلمانی ئێران، نوێنەری حکوومەتی کوردستان لە تاران و برای بچووکی پێشەوا قازی محه‌ممه‌د. 

_عەبدوڵڵای ڕەوشەنفێکر: ۱۷ی خاکه‌لێوەی ۱۳۲۶ (۷ی ئەپڕیلی ۱۹۴۷) (عەبدوڵڵای خدر حەیرانێ) لە ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە سێدارە درا.

_ڕەسووڵی نەغەدەیی: ۱۷ی خاکه‌لێوەی ۱۳۲۶ (۷ی ئەپڕیلی ۱۹۴۷) لە مەهاباد لە سێدارە درا.

_محەممەدی نازمی: ۱۷ی خاکه‌لێوەی ۱۳۲۶ (۷ی ئەپڕیلی ۱۹۴۷) لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان لە گەڵ سێ هاوڕێی دیکەی لە مەهاباد لە سێدارە درا.

_حامیدی مازووچی: ۱۷ی خاکه‌لێوەی ۱۳۲۶ (۷ی ئەپڕیلی ۱۹۴۷) لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان و فەرماندەی دیژبانیی ناوەندی مەهاباد لە سابڵاغ لە سێدارە دران.

ئه‌فسه‌رانی شه‌هیدی له‌ سێداره‌ دراوی کۆماری کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێڕاق

ــ عێزەت عەبدولعەزیز: ۲۹ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۶ (۱۹ی جوونی ۱۹۴۷) سه‌رپۆلی ۲عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و چاوپێکه‌وتنی

سه‌ر له‌شکر ڕه‌زم ئارا دوای سه‌رکه‌وتنی هێزی کوردستان له‌ شه‌ڕی قاره‌وا.

_ مستەفا خۆشناو: ۲۹ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۶ (۱۹ی جوونی ۱۹۴۷) سه‌رپۆلی ۲ فه‌رمانده‌ی لکی ۱ی هێزی بارزانییان له‌سه‌رده‌می کۆماری کوردستان.

_ محەممەد قودسی: ۲۹ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۶ (۱۹ی جوونی ۱۹۴۷) (کاپیتان) محه‌ممه‌د مه‌حموود قودسی له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا له‌ زۆر بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سمی فه‌رمیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تی ژێنێڕاڵ مایۆر مه‌لا مسته‌فای بارزانی وته‌ی پێشکه‌ش کردوه‌ و هه‌ر وه‌ها یه‌کێک له‌ نووسه‌ره‌ چالاکه‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستان بووه‌.

_خەیرۆڵڵا عەبدولکەریم: ۲۹ی جۆزه‌ردانی ۱۳۲۶ (۱۹ی جوونی ۱۹۴۷) مایۆر (سه‌رلک) له‌ ئه‌فسه‌رانی کۆماری کوردستان.

چالاکوان و تێکۆشه‌رانی کۆچ کردووی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان

_ساڵی ۱۹۵۴ حاجی سه‌ید بابه‌ شێخی سیاده‌ت: ڕه‌ئیسی هه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی  میللیی (سه‌رۆک وه‌زیر)کۆماری کوردستان له‌ دێی تورجان.

_ساڵی ۱۹۶٨ دڵشادی ڕه‌سووڵی: جێگری وه‌زیری فه‌رهه‌نگ له‌ کۆماری کوردستان، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆنگره‌ یه‌که‌م، له‌ باشووری کوردستان.

_۲ی ئەپڕیلی ۱۹۷۳ حوسێنی زێڕینگەران (حوسێنی فرووهەر): ئەندامی ژمارە ۱ی کۆمەڵەی ژێکاف و ئەفسەر و چالاکێکی هێزی دێموکرات بووە لە تاران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا نێژراوە.

_۲۷ی فێوریەی ۱۹۷۹ سه‌ید محه‌ممه‌دی حه‌میدی: نووسه‌ر و ڕووناکبیرێکی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان سه‌ر نووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی «کوردستان» ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سه‌ر نووسه‌ری گۆڤاری «کوردستان» له‌ شاری سنه‌.

_۱ی مارسی ۱۹۷۹ مه‌لا مسته‌فا بارزانی یه‌کێک له‌ ژنڕاڵه‌ گه‌وره‌کان و چالاک له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان و سه‌رۆکی

پارتی دێموکراتی کوردستان.

_۱٨ی ئەپڕیلی ۱۹٨۶ مامۆستا هێمن: چالاکوانی سه‌رده‌می کۆمار و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد (ژ - ک) ئه‌ندامی ئیفتخاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆنگره‌ی چواره‌می حیزبی دێموکرات، تێکۆشه‌ر و شاعیری ناوداری کورد له‌ شاری ورمێ.

 ــ ۱۵ی جوولای ۱۹٨۶ محه‌ممه‌دی یاهوو: ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆنگره‌ی یه‌که‌م، نووسه‌ر و له‌ کار به‌ده‌ستانی پایه‌ به‌رزی کۆماری کوردستان له‌ شاری تاران.

_۱۲ی ژانویەی ۱۹٨٨ محه‌ممه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌د میرزا مه‌نگۆڕی: جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی بۆكان له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان, شاعیر و نووسه‌ری به توانا.

_۲۱ی فێوریەی ۱۹۹۱ مامۆستا هه‌ژار (عه‌بدولڕه‌حمانی شه‌رەفكه‌ندی): ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد (ژ - ک) چالاک له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان شاعیر، مێژوونووس و وه‌رگێڕی به‌ توانا له‌ شاری مه‌هاباد.

_۹ی نۆڤەمبەری ۱۹٨٨ میرحاج ئه‌حمه‌د تاهیر ئاکره‌یی: سه‌رپۆلی ۲ فه‌رمانده‌ی لکی ۲ی هێزی بارزانییان و بازڕه‌سی جه‌بهه‌ی سه‌قز له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان و یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ڕێبه‌ری پارتی له‌ شاری به‌غدا.

 ــ ۹ی مای ۱۹۹۱ ڕه‌حیم سه‌یفی قازی: فه‌رمانده‌ی چڵی ۲، له‌ پۆلی ۳ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان. ‌و ئه‌ندامی چالاک له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆنگره‌ی چواره‌می حیزبی دێموکرات له‌ باکوو پێته‌ختی ئازه‌ربایجان.

ــ ۲۵ی دێسەمبەری ۱۹۹۱ محه‌ممه‌د ئه‌مین مۆعینی: وەزیری ناوخۆی کۆماری کوردستان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب کۆنگره‌ی یه‌که‌م، و باوکی سێ شه‌هید مۆعینییه‌کان.

_ ۲۲ی مارسی ۱۹۹۲ مه‌لا قادری موده‌ڕه‌سی: ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد و به‌رپرسی "چاپخانه‌ی کوردستان" له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

_ ۱۷ی فێوریەی ۱۹۹٨ مینا خانم قازی: ژنه‌ تێکۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ری کورد، خێزانی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د سه‌رۆککۆماری کوردستان له‌ شاری مه‌هاباد.

_۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۰۱ که‌ریم حیسامی: ساڵی ۱۹۴۴ بۆته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد. ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی کۆنگره‌ی سێهه‌می حیزبی دێموکرات، نووسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌ هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشک له‌ ستۆکهۆڵمی سوئێد.

_۳۱ی مارسی ۲۰۰۳ مه‌ناف که‌ریمی: وه‌زیری فه‌رهه‌نگی کوردستان، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆنگره‌ی یه‌که‌می حیزبی دێموکرات، ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد بۆ سه‌فه‌ری باکوو، جێگری قازی محه‌ممه‌د بۆ کار و باری کۆمیته‌کانی حیزبی.

_۶ی فێبریۆیری ۲۰۰۹ عه‌بدولقادری ده‌باغی (مامه‌قاله‌): ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد (ژ - ک) تێکۆشه‌ری دێرینی حیزبی دێموکرات نووسه‌ر، وه‌رگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ شاری له‌نده‌نی بریتانیا.

_۱۷ی سێپتەمبەری ۲۰۰۹ حاجی مارف ڕه‌شیدی: پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان‌، به‌شدار له شه‌ڕی ئاواییه‌كانی "قاره‌واو مامه‌شا، له شه‌ڕی گه‌وره‌ی گوندی "قاره‌وا" بریندار بووه. باوکی شه‌هید سه‌ڵته‌نه‌ ڕه‌شیدی" له‌ ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکرات‌.

_۲٨ی ئاگۆستی ۲۰۱۰سه‌ید عۆبه‌یدۆڵڵای ئه‌یووبییان: نووسه‌ر، زمانناس و ڵێکۆڵه‌ری ناوداری کورد و دواین یادگاری کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و کۆماری کوردستان له‌ شاری مه‌هاباد.

سه‌رچاوه‌کان :

١- (چل ساڵ خه‌بات له‌ پێناو ئازادی) شه‌هید د. قاسملوو. 

٢- (حکوومه‌تی کوردستان) له‌ نووسینی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین.

٣- ماڵپەڕی وێنه‌ی کۆماری کوردستان (به‌رێز حه‌سه‌ن قازی).

٤- ڕۆژنامەی کوردستان.