ناسر ساڵحی ئەسڵ
له خه‌رمانانی ساڵی ١٣٢٢٠ی هه‌تاویدا پاش دوورخرانەوەی ڕه‌زاشای پەهلەوی لەلایەن زلهێزه‌كانی سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕی دووه‌می جیهان، هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی پاشایەتی و دابه‌شکرانی ئێران به سه‌ر دوو ناوچه‌ی ژیر ده‌سه‌ڵاتی بریتانیا و یەكیەتی سوڤیەتی ئەوكاتدا، ڕووناكبیران و چالاكانی سیاسیی كورد له ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان "موکریان" له بۆشایی و نەبوونی ئه‌ڕته‌ش و داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی كه‌ڵكیان وه‌رگرت بۆ دامه‌زراندنی ڕێكخراوێكی سیاسیی و نه‌ته‌وایه‌تی به ناوی "كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف. ئەم قوناغە وەرچەرخانیك بوو بۆ گەشەی كۆمەڵایەتی لە كوردستان بۆ دامەزراندنی ڕێكخراوی سیاسی، وەک چۆن شەهید دوكتور قاسملوو لە "چل ساڵ خەبات"دا دەڵی: "لەو قوناغەدا ئازادییە دێموكراتیكەكان بووژانەوە".
كۆمه‌ڵه‌ی ژیكاف له‌سه‌ر بنه‌مای شوناسخوازی و دەستەبەری مافی ڕه‌وای دیاریكردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی كورد دامه‌زرا. پاش چه‌ند ساڵ تێكۆشانی نهینی ئه‌ندامانی "ژێكاف" بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخی پاش كۆتایی شه‌ڕی دووه‌می جێهانی و گەشەی كۆمەڵایەتی، بڕیاریان دا له حیزبیكی سه‌رده‌میانەدا كار و چالاكییه‌كانیان بەئاشكرا درێژه پێ بده‌ن. هه‌ربۆیه "حیزبی دێموكراتی كوردستان"یان له‌سه‌ر بناغه‌ی ته‌شكیلاتیی كۆمه‌ڵه‌ی ژیكاف له شاری مه‌هاباد دامه‌زراند و لە یەکەمین کۆنگرەی حیزب‌دا کە خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٢٤ گیرا، مەرامنامه‌ی حیزبی دێموكرات له ٨ مادده‌دا بڵاو كرایه‌وه و قازی محه‌ممه‌د وه‌ك پێشه‌وا و سه‌روكی حیزبی دێموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێرد‌را.
دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دواتر كۆماری كوردستان به‌ڕێكه‌وت نه‌بوو، به‌ڵكوو له‌لایه‌ك به‌رهه‌می گەشەی كۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی ده‌رفه‌تێك بوو كه پێشتر له هزر و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكافدا ئاماده‌كاری بۆ كرابوو، و دواتر له‌لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌وه به‌ستێن‌سازیی بۆ كرابوو، و هه‌م كه‌لك‌وه‌رگرتن له‌و بۆشاییه بوو كه له شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خوڵقابوو. له ئاكامدا له ٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ی هه‌تاویدا و له گۆره‌پانی چوارچرای شاری مه‌هاباددا دەبینین کە بە خوێندنه‌وه‌ی سروودی نەتەوایەتی" ئەی ڕەقیب" و دامەزرانی کۆمار خەباتی سیاسی و نەتەوایەتیی گەلی كورد، پێی نایه قوناغێكی نوێ‌وه.
ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی كۆماری كوردستان ته‌نیا یازده مانگ بوو، به‌ڵام ده‌سكه‌وت و وانه‌كانی له سه‌رده‌می ئێستاشدا و دوای تێپه‌ڕبوونی نزیك بە هەشت دەیە، بۆ بزووتنه‌وه‌ی هاوچەرخی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد دەسمایەی خەبات و تێکۆشانن. ئه‌وه شانازییه‌كه بۆ پێكهێنه‌رانی كۆماری كوردستان كە توانییان ئه‌و ده‌رفه‌تەی به هۆی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه‌وه و ڕه‌قابه‌تی زلهێزه‌كانی ئه‌وكات له‌گه‌ڵ یه‌كتر پێك‌هاتبوو، به‌باشی بقۆزرێته‌وه و له ڕۆژی ٢ی ڕێبه‌نداندا به ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان بسه‌لمێنێ كه كوردیش نه‌ته‌وه‌یه و مافی خۆیه‌تی و دەشتوانێ وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیهان به‌سه‌ربه‌ستی بژی و حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێت. به واتایه‌كی دیكه له‌و قۆناخه‌دا بژارده‌ی كورد به گشتی و پێشه‌وای نه‌مر به تایبه‌تی، چیتر وه‌كوو بینه‌ر و فاكته‌رێكی بێ‌هه‌ڵوێست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ڕوداوو و دەرفەته‌كاندا نه‌كرد، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن پلان و ئامانج له وزه و پتانسێلی نه‌ته‌وه‌كه‌یان كه‌لكیان وه‌رگرت. هه‌ربۆیه كۆماری كوردستان له فه‌رهه‌نگی سیاسی و لە بەستینی بەرهەمی گەشەی كۆمەڵایەتیدا گەشەی كرد. واتە كۆماری كوردستان به‌رهه‌می خوڵقاندنی ده‌رفه‌تێك بوو كه پێشتر له هزر و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكافدا ئاماده‌كاری بۆ کرابوو و دواتر له‌لایه‌ن پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌ده‌وه به‌ستێن‌سازیی بۆ كرا و کرایە ئه‌مری واقع و ده‌سكه‌وتیكی نه‌ته‌وه‌یی.
وانە و ده‌سكه‌وته‌كانی كۆماری كوردستان له چۆنیەتیی دامه‌زراندنیدا خۆی ده‌رده‌خات. له ڕاستیدا ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان، لەلایەك به‌رهه‌می گەشەی كۆمەڵایەتی و لەلایەكی دیكەوە گرێدانی بارودۆخی ئێران و ناوچه و جیهان و هاوكات وشیاریی و ئاوه‌زمه‌ندی ڕێبه‌رانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و له سه‌رووی هه‌مووان، پێشه‌وای نه‌مر، قازی محه‌ممه‌د بوو. بۆیەشە دامه‌زرانی كۆماری كوردستان به دره‌وشاوه‌ترین قۆناخی مێژووی هاوچه‌رخی خه‌باتی سیاسی و ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دادەنرێت. هەروەها له گۆشه‌نیگای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه تاكوو ئێستاش، كۆماری كوردستان به نوێنگه‌ی هاوپێوه‌ندی نەتەوەیی له ئاستی كوردستان و هێمایه‌ك بۆ هاوخه‌باتی و هاوچاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی كورد له سه‌رجه‌م بەشە‌كانی كوردستاندا له‌قه‌له‌م ده‌درێت. ئه‌زموونی كۆماری كوردستان، وانه‌یه‌كه بۆ سه‌لماندنی پێوه‌ندیی ئۆرگانیكی بەشە‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و لێك‌گرێدراویی چاره‌نووسی پرسی كورد به یه‌كتره‌وه. له چوارچێوه‌ی جوغرافیایی كۆماری كوردستاندا هیچكات كوردی بەشە‌كانی دیكه‌ی كوردستان، وه‌ك میوان یان په‌نابه‌ر له‌قه‌له‌م نه‌دران، به‌ڵكوو له به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری سیستەمی ئیداری و نیزامیی كۆماردا به‌شدارییان پێ كرا.
لەبارەی شێوه‌ی دامه‌زرانی كۆماری كوردستان، هه‌ڵكه‌وتی جوغرافیایی ناوچه‌ی كۆمار و كه‌لك‌وه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته ناوچه‌یی و جیهانییەکان، هێندێك لایه‌نی سیاسی و به‌تایبه‌ت فارسه‌كان به‌ئه‌نقه‌ست یان به هه‌ڵه، كۆماری كوردستان به "كۆماری مه‌هاباد" ناو ده‌بن، یان تۆمه‌تی بەستراوه‌یی به یه‌كیه‌تیی سوڤیه‌تی وه‌پاڵ ده‌ده‌ن، یان دەنا دامه‌زرانی كۆمار به ڕێكه‌وت ده‌شوبهێنن:
یه‌كه‌م: "ده‌وڵه‌تی جمهوریی كوردستان" ناوی ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌یه كه له ٢ ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ی هەتاوی له‌سه‌ر ده‌ستی "حیزبی دێموكراتی كوردستان" دامه‌زرا. ناوهێنانی ئەو دەسەڵاتە بە کۆماری مەهاباد غه‌درێكی گه‌وره‌یە له كۆماری كوردستان و له مێژوویی هاوچه‌رخی خه‌باتی سیاسی__ نه‌ته‌وایه‌تی گەلی كورد و هەر لەجێدا ئەو کارە ده‌چێته خانه‌ی شێواندنی مێژووەوە. مێژوویه‌ك كه زۆر له ئێستای ئێمه دوور نییە. كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه‌ی "كوردستان" كه زمانحاڵی حیزبی دێموكراتی كوردستانه هەڵدەدەینەوە، له هیچ لاپه‌ڕە و ستوونێكدا باس له "كۆماری مه‌هاباد" نەکراوە، به‌ڵكوو باس له "ده‌وڵه‌تی جمهوریی كوردستان" کراوە و ئه‌گه‌ر چاویش به پێكهاته‌ی كۆمار له بواری به‌شداریی خه‌ڵكه‌وه دە‌خشێنین، ده‌بینین به‌شداریی خه‌ڵكی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به ڕاده‌یه‌ك دیار و به‌رچاوه كه خۆی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسی و نەتەوەییە هی هه‌موو گه‌لی كورده، له هه‌ر شوێنێك و له هه‌ر بەشێكی كوردستان بێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر چاو له‌و بڕیارنامه‌یه بكه‌ین كه ڕۆژی ٢ی ڕێبه‌ندان ڕاگەیەندراوە و لە ٦ خاڵدا ته‌نزیم كراوه و به په‌سندی بیست هه‌زار كه‌س له به‌شدارانی ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان، گه‌یشتووه