کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان کەسێکی سەر بە هێزەکانی زەینەبیوون لەو وڵاتەی دەسبەسەر کرد

11:47 - 2 رێبەندان 2723

 

پاکساتن لە درێژەی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ تێرۆریزمی ئێرانی لەو وڵاتەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندان لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند کە کەسێکی بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ هێزی نیابەتیی زەینەبیوون "شیعە پاکستانییەکانی سوپای قودس" دەسبەسەر کردووە کە دەستی لە هێرشکردنە سەر محەممەدتەقی عوسمانی، لە زانا ئایینی و دیارەکانی ئەو وڵاتە هەبووە.

لەو ڕاگەیندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی پاکستان لە عەمەلیاتێک لە ناوچەی سەربازی بازاڕی کەراچی کەسێکیان بە ناوی "سەید محەممەد مێهدی" دەسبەسەر کردووە کە ناوبراو لە لێکۆڵینەوەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە بۆ ڕێکخراوێکی دوژمنکارانەی ئێران کار دەکات و لەو ناوچەیەدا زانیاریی گرینگ بۆ ئێران کۆ دەکاتەوە.

ئەو کەسە دانی بەوەدا ناوە کە دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "سەیدڕەزا جەعفەری و عابد ڕەزا" لەگەڵ ناوبراودا لە هێرشکردن بۆ سەر کەسایەتییە گرینگەکانی ئەو وڵاتە دەستیان هەبووە.

وتەبێژی ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی پاکستان ڕایگەیاندووە تۆمەتباری دەسبەسەرکراو ئەو چەک و تەقەمەنییەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەر بە ئێرانەوە پێی دراوە، لە ماڵەکەی خۆیدا هەڵگرتووە و پێش هێرشکردنە سەر ئامانجەکان نارنجۆکی دەستی و چەکی دیکەشی ئامادە کردووە.