کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ڕاوێژکارە نیزامییەکانی ئێران لە سووریە بەردەوام دەبێ

12:22 - 2 رێبەندان 2723

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دوای کوژرانی ٥ فەرماندەی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەمشق، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"دا ڕایگەیاند کە چالاکی ڕاوێژکارە نیزامییەکانی ئێران لە سووریە بەهێزتر لە جاران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم و دابینکردنی ئەمنییەت لە ناوچەدا بەردەوام دەبێ.

ناوبراو ئەو هێرشەی ئیسرائیلی وەکوو شکستی ئەو وڵاتە ناو برد.

دوای هێرشەکە، سپای پاسداران ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ٥ کەس لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران کە ڕاوێژکاری نیزامیی ڕێژیمی ئێرانیش بوون لە سووریە کوژراون.

رێژیم شووناسی ئەم کەسەی حوجەتوڵڵا ئومیدوار، عەلی ئاقازادە، حوسێن محەممەدی و سەعید کەریمی راگەیاند و وتی ژمارەیەک لە هێزەکانی سووریەش لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دەمشق کوژراون.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ئیبراهیم ڕەئیسی دوای کوژرانی ئەو ٥ کەسە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئێسرائیل دەکەن و ڕایانگەیاندووە کە ئەو هێرشە بێوڵام نامێنێتەوە.

شایانی باسە کە ئیسرائیل هیچکات لەبارەی هێرشەکانی دژی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بەفەرمی هەواڵ بڵاو ناکاتەوە، بەڵام ئەمجارە هۆشداری داوە کە ڕێگە نادات ئێران هێزەکانی لە سووریە و لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل بەهێز بکات.