کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٦ ساڵدا، ٧ هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر وڵاتانی دەوروبەر

16:42 - 2 رێبەندان 2723

پاسدار یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی دەوروبور لە ناوچەکە، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم لە ساڵی ٩٦ی هەتاوییەوە تا ئێستا، ٧ هێرشی مووشەکیی بۆ سەر وڵاتانی سووریە، عیراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

ناوبراو ئەم هێرشانەی بە تۆڵەی سەخت ناوبردووە و لە چەواشەکارییەکی تەواودا وتوویەتی ئەم هێرشانە دژکردەوە بە ٧ هەوڵی تێرۆریستی بوون.

ناوبراو بە هەڕەشەکردنی دووبارە لە ئەمریکا، باسی لە کوژرانی قاسم سلێمانیی تێرۆریست کردووە و وتوویەتی تۆڵەی سەختی کوژرانی قاسم سلێمانی لە ئەمریکاییەکان هێشتا لەجێی خۆیدایە.

لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران ٤ جار هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کە لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ئەم حیزبە شەهید و بریندار بوون.

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بە بیانووی هەبوونی بنکەی مووساد لە ساری هەولێر، هێرشی کردە سەر ماڵی گەورە بازرگانێکی ئەم شارە . لەم هێرشەدا، پێشڕيو دزەیی و کچەکەی ژینا گیانیان لەدەست دا و چەند کەسێکیش بریندار بوون.

پاساوی دژکردەوە بە هەوڵی تێرۆریستی کە لەلایەن ڕێژیمەوە باسی لێ دەکرێت لەکاتێکدایە کە  هەر لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، خودی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بکەرانی سەرەکیی هەوڵە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا بووە و سپای پاسدارانیش لەلایەن زۆر وڵاتەوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە.