کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٥٠٠ ئاخوند وەکوو مامۆستا لە قوتابخانەکاندا وەرگیراون

16:45 - 2 رێبەندان 2723

عەلی فەرهادی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە ٣٥٠٠ ئاخوند بە پاش بەشداری لە تاقیکارییەکدا و بە بێ هیچ پشکێکی تایبەت، لە وەزارەتی پەروەردەدا وەکوو مامۆستا وەرگیراون.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئێمەش دوای تاقیکارییەکە زانیمان کە ئەمەنە وەکوو مامۆستا وەرگیراون.

بەپێی ماددەی ٢٨ی بەرنامە و پێڕەوی فەرهەنگیان، وەزارەتی پەروەردە دەتوانێ لە کاتە پێویستەکاندا، لە نێوان دەرچووان و خوێندەوارانی زانکۆ و دامەزراوەکان و حەوزەی عێلمییەدا، مامۆستا وەربگرێ.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران، پێشتر سەبارەت بە بوونی سیستماتیکی ئاخوندەکان لە قوتابخانەکاندا، هۆشداریی بە بنەماڵەکان دابوو.

پێشتریش ڕەزا مورادسەحرایی وەزیری پەروەردەی ڕێژیم باسی لە دامەزراندنی ١٩ هەزار ئاخوندی دیکە لە قوتابخانەکان بە ناوی "مامۆستای پەروەردە" کردبوو تاکوو لەم ڕێگەوە سەرکوتی ناڕەزایەتیی قوتابییان بکەن.

پێشتریش حەفتەنامەی پزیشکیی "لەنسێت" یەکێک لە بەناوبانگترین گۆڤارە زانستییەکانی جیهان، لە وتارێکدا باسی لە شۆردنەوەی مێشکی منداڵان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە کردبوو و جەختی کردبووەوە کە ئەمە دژایەتییەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ پرۆسەی سروشتیی گەشەکردن هەیە و کاریگەری دەروونیی زۆر خراپی لەسەر ژیانیان دەبێت.