کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک ڕەسووڵ قادری، برای دوکتور سادق شەرەفکەندی کۆچی دوایی کرد

11:26 - 11 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک ڕەسووڵ قادری، شۆڕشگێڕی ماندوونەناسی ڕێگای کوردایەتی، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی پاریس کۆچی دوایی کرد.

کاک ڕەسووڵ برای بچووکی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

ناوبراو هەر لە منداڵییەوە کەتووەتە ژێر کاریگەریی بیری کوردایەتییەوە و فێری خەبات و کاری سیاسی و تێکۆشان و کۆڵنەدان لە ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان بووە.

کاک ڕەسووڵ ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە دانشسەرای ورمێ وەرگیراوە و دواتر پێوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکراتەوە گرتووە و وەکوو ئەندامێکی کارا دەستی بە چالاکیی حیزبی و سیاسی کردووە.

کاک ڕەسوڵ بە هۆی چالاکییەکانییەوە لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی، لەلایەن دەزگای ساواکەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ شاری کەرەج دوور خراوەتەوە.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویدا لە کۆلێژی حقوقی سیاسیی زانکۆی تاران دەستی بە خوێندن کردووەتەوە و ساڵی ١٣٥٨یش، چووەتە فەرانسە و لە زانکۆکانی نانتێر و سۆربۆن حقوقی سیاسیی خوێندووە.

کاک ڕەسوڵ قادری لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە فەرەنسە ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبینی و لە دامەزراندنی ئەنستیتۆی کورد لە پاریسیش لە هیچ پشتگیرییەک درێغی نەکردووە.