کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی یەکێک لە ڕێبەرانی حەماس لە باشووری لوبنان

10:05 - 13 بەفرانبار 2723

دوابەدوای هێرشی پەهبادەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حەماس لە باشووری لوبنان، یەکێک لە ڕێبەرانی ئەم گرووپە و دوو کەس کە فەرماندەرانی گوردانەکانی ئەلقوسام کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار، دوابەدوای هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حەماس لەناوچەی زاحییە لە باشووری لوبنان، "ساڵح ئەلعاروری"، جێگری نووسینگەی سیاسیی ئەم گرووپە کوژرا.

میدیاکانی لوبنان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، کوژرانی ٤ کەسیان لە هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حەماس لە لوبنان ڕاگەیاند.

میدیاکانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاند کە ئەلعاروری بڕیار بووە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، دیدار و وتووێژ بکات.

هەروەها گرووپی حەماسیش ڕایگەیاند کە ساڵح ئەلعاروری، جێگری سیاسیی ئەم گرووپە لە لوبنان و دوو فەرماندەری گوردانی ئەلقەسام، لە ئاکامی هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ باشووری بەیرووت کوژراون.

گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی سەبارەت بە کوژرانی ساڵح ئەلعاروری کاردانەوەیان نیشان داوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم کردەوەیە بە بێ وڵام ناهێڵنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئەم هێرشەی بە زەبوونانە ناو برد و مەحکوومی کرد.

ساڵح ئەلعاروری، تەمەن ٥٧، یەکێک لە دامەزرێنەرانی لقی نیزامیی حەماس و ڕێبەری سەرەکیی ئەم لقە نیزامییە و هەروەها یەکێک لە کەسە نزیکەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی، خەڵاتێکی ٥ میلیۆن دۆلاریی دیاریی کردبوو.