برایم چووکەڵی
"دەرسی پاساریی دەدا تیغێک، بە ڕاوێژی تفەنگ
لەو شەقامانەی کە ئایەی ھەڵفڕینی تیا نەبوو"
گه‌لانی به ئاوات گه‌یشتوو شانازی به ڕابردووی مێژووی خه‌باتی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و له نێو كۆمه‌ڵدا سه‌ربه‌رز و سه‌ر فیرازن، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌خۆبوردوویی لاوه‌کانیان و له‌سایه‌ی فیداكاری و گیانبازیی ڕۆڵه شه‌هیده‌كانیان. گه‌لی ئێمه‌ش شانازی به شه‌هیده‌كانیەوە ده‌كا کە لەسایه‌ی خوێنی ئه‌وانەوە نه‌ته‌وه‌كه‌یان دواڕۆژێكی ڕوونی دەبێت. بێگومان زۆر ڕۆڵه‌ی ئه‌م نیشتمانه گیانیان بۆ نه‌ته‌وه فیدا كردوه که "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ئ ئەمجارە ئاور لە ژیان و بەسەرهاتی مه‌لا قادری کوردستانی له ناوچه‌ی پیرانشار دەداتەوە.
شه‌هید مه‌لا قادری کوردستانی ساڵی ١٣٣٥ هەتاوی له ئاوایی "گردئاشه‌وان"ی ناوچه‌ی لاجانی پیرانشار له بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌رزێری زه‌حمه‌تکێش چاوی به دنیای ڕوون کرده‌وه. به‌ره به‌ره گه‌وره بوو و ڕه‌وانه‌ی قوتابخانه کرا و هاوکات له قوتابخانه‌ی ئاینییش ده‌رسی ده‌خوێند. ئەو سه‌رئه‌نجام توانی تا قۆناغی ناوه‌ندی له قوتابخانه بمێنێته‌وه و پاشان ڕووی کردە کاری وه‌رزێری و وێرای بنه‌ماڵه‌کەی شانی دایە بەر ئەرکی دابین‌کردنی بژیوی ژیان.
مەلا قادر به هه‌ڵبوونی تیشكی شۆڕش دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی چالاكانه به‌شداریی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانی كرد و پاش ئه‌وه‌ی ڕێژیمی كۆنه‌په‌ره‌ستی شاهنشاهی ڕووخا، بیری ئازادیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی مێشكی به خۆیه‌وه خه‌ریك كرد. ئەو کە به خوێن و دەمارەوە ده‌ردی هه‌ژاری ونه‌داری و زوڵم وسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی دڵڕه‌قی ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌ی هه‌ست پێ كردبوو، هەست و بیری ئازادیخوازی بەرەوە مەتەرێزەکانی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەکەی هانی دەدا.
مەلا قادر ساڵی ١٣٥٩‌ی هەتاوی بوو به پێشمه‌رگه و به شانازییه‌وه ده‌ستی دایه چه‌ك و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تیی له‌به‌ر كرد و له لکی ٤ی هێزی ئاواره‌ی ئه‌وکات سازمان درا. ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و شۆڕشگێڕێكی ڕاسته‌قینه و دڵسۆز بوو، و له ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به خۆشه‌ویستی هاوڕێیانی. مەلا قادر بە به‌شداری‌كردنی له شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی پیرانشار و ئەو فیداکاری و ئازایەتییانەی دەینواند زیاتر جیگای خۆی له‌نێو خه‌ڵك و هاوڕێیانی‌دا كرده‌وه. ئەو كورێكی خاكی، ڕوح‌سووك و گوێ‌ڕایه‌ڵی بڕیاراتی حیزب بوو، هه‌ر مه‌ئمورییه‌تێكی بۆیان دیاری كردبوایه به دڵ و گیان به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. له شه‌ڕه‌كاندا زۆر ئازایانه هه‌ڵی ده‌كوتایه سه‌ر دوژمن و بوێرانە دیفاعی له شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی گه‌له‌كه‌ی ده‌كرد. به‌هۆی لێهاتوویی وه‌ک سه‌رپه‌ل و پاشان وه‌ک جێگری لک و دواتر وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک دیاری کرا. مه‌لا قادر کوردستانی له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا دووجار بریندار بوو و هه‌موو جارێ پاش سارێژبوونه‌وه‌ی برینه‌کانی بەورەتر له پێشوو ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌نگه‌ری خه‌بات و تیکۆشان دژی داگیرکه‌رانی کوردستان.
مه‌لا قادر کوردستانی هه‌ر كاتێك بنه‌ماڵه‌كه‌ی داوایان لـێ ده‌كرد واز له پێشمه‌رگایه‌تی بێنێ، پێی گووتن: تا ئه‌وكاته‌ی زیندووم چه‌كی شه‌ره‌ف له شانمه و نایهێنمه خوارێ. مەلا قادر ئه‌وه‌نده قسه‌خۆش بوو كه هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه ده‌یانناسی و سه‌ردانی هه‌ر ماڵێكی كردبا ئاواتیان ده‌خواست جارێكی‌تر بێته‌وه ماڵیان. ئازایه‌تیی ناوبراو له سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە لە شه‌ڕەکانی هه‌واره‌بی، کلاوڕه‌ش، چیانه و جاده‌ی سه‌رده‌شت پیرانشار، چاکی ترشی، که‌وپه‌ر، بادیناوێ و دایه‌شیخی ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌بوو. بەمجۆرە ناوی مه‌لا قادر کوردستانی وەک قارەمانێکی بوێر و ئازا و دێموکرات ببوو بە وێردی سەر زمانی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار و، ببووە نمونەی پێشمەرگەیەکی باش و فه‌رمانده‌یه‌کی بەوەجی ناوچەکانی پیرانشار.
شەهید مه‌لا قادر خاوەنی خوو و ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە بوو، لە کوورەی ژیانی سەخت و دژوار‌دا، و لە مەیدانی ٧ ساڵ شەڕ و بەربەرەکانیدا قاڵ ببوو، خارابوو، و ببوە چقڵی چاوی دوژمنی داگیرکەر. ئازایه‌تی و جوامێری، وره‌ی به‌رز و هه‌ڵسووڕبوونی، ئیمانی قووڵ به ڕێبازی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌ی، تایبه‌تمه‌ندییه‌ک بوون که له دەروونیدا ڕیشه‌یان داکوتابوو.
مەلا قادر کوردستانی ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاوی بۆ ئه‌نجامدانی کاری حیزبی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی لکه‌که‌ی ڕوویان له ئاوایی ترکه‌ش کرد. پاش به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه‌کانی حیزبی له کاتی گه‌رانه‌وه‌دا لەلایەن هێزی دوژمنی کۆنه‌په‌ره‌ست کە پێی زانیبوون و که‌مینی بۆ دانابوونه‌وه، درانە بەر دەستڕێژ. به‌داخه‌وه مه‌لاقادر کوردستانی که‌وته به‌ر گولله‌ی داگیرکه‌ران و شه‌هید بوو و گیانی شیرینی پێشکه‌ش به باره‌گای ئازادی کرد.