کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ ئێرانی قەدەغە کرد

10:37 - 13 بەفرانبار 2723

بانکی ناوەندیی عێراق، گەڵاڵەی قەدەغەبوونی مامەڵە بۆ دۆلاری ئەمریکای جێبەجێ کرد و ڕاگواستنی دراوی عێراقییەکان بۆ ٥ وڵات، لەوانە ئێرانی قەدەغە کرد.

بانکی ناوەندیی عێراق لە نوێترین بڕیاری خۆیدا و لە ڕاستای پێشگرتن لە کەڵئاوەژوو وەرگرتن لە سەرچاوەکانی دراو لە تاوانە داراییەکان و هەروەها هەڵاتن لە گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران، قەدەغەبوونی مامەڵەکان بە دۆلاری ئەمریکای لە سەرەتای ساڵی نوێێ زایینییەوە جێبەجێ کرد.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ئەگەر شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو یان تۆڕی بانکی عێراق، پارەیەک بۆ ئەو ٥ وڵاتە بگوازنەوە، ئیتر هیچ دراوێکیان پێ نادرێ.

هەروەها شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکانی عێراق بۆ ڕاگواستنی پارە بۆ ئێران دەبێ لە ڕێگەی بازاڕی ئازادەوە هەوڵ بدەن کە جیاوازیی نرخەکەی ٢٠ لەسەدە.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و عێراق وتی کە بەم پێیە تێچووی هاوردەکردن بۆ هاوردەکارانی عێراقی ٢٠ لەسەد زیاترە و هەناردەکارانی ئێرانیش بە فرۆشتنی کاڵاکانی خۆیان بە دینار، ٢٠ لەسەد لە بایەخی کاڵاکەی خۆیان لەدەست دەدەن.

عێراق پاش چین، دووەمین وڵاتێکە کە کاڵای ئێرانیی بۆ دەچێت و لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا، ٦.٩ میلیارد دۆلار کاڵای ئێرانی، هەناردەی عێراق کراوە کە بەگشتی ١٩ لەسەدی کاڵا هەناردەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران لەخۆ دەگرێ.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا چەندین جار سیستەمی بانکیی عێراقی بە ڕاگواستنی نایاسایی دۆلار بۆ ئێران و سووریە تۆمەتبار کردووە و گەڵاڵەی نوێی بانکی ناوەندی عێراقیش بە هاواهەنگیی ئەمریکا ئامادە کراوە و جێبەجێ دەکرێ.