کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی سەقز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:17 - 3 رێبەندان 2723

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سەقز، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەبڕین بە دەستبەکاربوونی کانگایەک لە نزیکی کێوی باڵووقایەی ئەحمەوئاوا، کە لەم شارەدا هەڵکەوتووە، کۆ بوونەوە و خوازیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەم کانگایە بوون.

کێوی باڵووقایە لە پاڵ گوندی ئەحمەوئاوا و لە ٧ کیلۆمیتریی سەقز هەڵکەوتووە  و شوێنی مانەوە و ژیانی چەند جۆر باڵندەشە.

ئەو کانگایەی کە لە دەوروبەری ئەم کێوە دۆزراوەتەوە، بڕیار بوو لە مانگی بانەمەڕدا چالاکییەکانی خۆی دەست پێ بکات، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی ئەو ناوچەیە، چالاکییەکانی ڕاگیران کە ئێستا پاش تێپەڕبوونی ٨ مانگ، بڕیارە کارەکانی دەست پێ بکاتەوە.

خاکی کوردستان لە بواری کانگا ژێرزەوییەکانەوە، دەوڵەمەندە و ڕێژیمیش لە ڕێگەی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی خۆیەوە، لە هەوڵدایە تاکوو ئەم سامانە نەتەوەییە وەکوو باقی سامانی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، تاڵان بکات.

لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا، کانگا و سەرچاوە ژێرزەوینییەکان لە جیاتی ئەوەی کە بکەونە خزمەت خەڵكی کوردستانەوە لەلایەن مافیاکانی سەر بە ڕێژیمەوە بە تاڵان دەبردرێن.