کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو مەرجەکانی حەماس بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی ڕەت کردەوە

11:29 - 3 رێبەندان 2723

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، مەرجەکانی حەماس بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ و ئازادکرانی دیلەکانی ڕەت کردەوە.

گرووپی حەماس سەبارەت بە کۆتاییهاتنی شەڕ لە غەززە، داوای لە ئیسرائیل کردووە کە بە تەواوەتی لە غەززە بچێتە دەرەوە کە ئەمە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەت کراوەتەوە.

دوابەدوای ڕەتکرانەوەی ئەم داواکارییە و لە کاتێکدا کە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بوردومانی خان یوونس لە باکووری غەززە دەکەن، حەماس ڕایگەیاند کە ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەو مانایەیە کە هیچ ڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی دیلەکان بۆ ئیسرائیل نییە.

نێتانیاهوو ڕایگەیاندووە کە حەماس لە بەرانبەر ئازادکردنی دیلەکانمان، خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕ، چوونەدەرەوەی هێزەکانمان لە غەززە، ئازادکردنی هەموو بکوژان و دەستدرێژیکەرانە و من بە تەواوەتی مەرجەکانی حەماس ڕەت دەکەمەوە.

بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤامبر  و بە نێوندگیریی ئەمریکا و قەتەر و میسر لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هاتە ئاراوە، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەو ٢٤ کەسەی کە لە هێرشی چەکدارانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبردا بۆسەر غەززە بەدیل گیرابوون، لە بەرانبەر ئازادیی ٢٤٠ کەسی فلستینیدا، ئازاد کران.

نێتانیاهوو هەروەها سەبارەت بە دروستبوونی وڵاتی فلستینیش، ‌هەڵوێستێکی بەهێزتری گرت و وتی من سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی گشتیی ئەمنییەتیی ئیسرائیل و زاڵبوون بەسەر ڕۆژاوای ئۆردۆندا پێداگرم.