مەنسوور مروەتی
ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٨ی بەفرانبار لە شاری سلێمانی بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێی کتێبی "ملوانکەی شین"ی مامۆستا شەریف حوسەین پەناهی ڕێز لە زیاتر لە چوار دەیە تێکۆشانی ئەدەبی، فەرهەنگی و زمانەوانیی ئەم شاعیرە ناودارەی کوردستان گیرا. دیارە لەم دیوانە شێعرەدا کە بەهەوڵی ناوەندی چوارباخ و پرۆژەی قەفتان چاپ کراوە، جگە لە شێعرەکانی پێشووی کە لە یەکەم چاپی ملوانکەدا هاتبوون، بەشێکی زۆر لە شێعرە چاپنەکراوەکانی دواتری ئەم شاعیرە گرانقەدرەی کوردستان بە کتێبەکە زیاد کران و پێکەوە لە بەرگێکی تازەدا و هەر بە ناوی ملوانکەی شین چاپ و بڵاو کرانەوە.
مامۆستا شەریف کە بە شاعیری ملوانکەی شین بەناوبانگە یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ئەدەبیاتی بەرگری لە کوردستانە کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بە تاوانی چاپکردنی دیوانی ملوانکەی شین بە زمانی کوردی دەسبەسەر و نزیکەی یەکساڵ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیندانی کرا.
ملوانکەی شین لەبەر نێوەرۆکی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەی هەر زوو جێگای خۆی لە نێو خەڵکی کوردستاندا کردەوە و شێعرەکانی بوون بە وێردی سەر زمانی خەڵک. بە جۆرێک کە لاوانی وڵات لەبەر نەمانی ملوانکەی شین لە کتێبفرۆشییەکاندا، بە خەتی خۆیان ملوانکەیان دەنووسییەوە و لای خۆیان ڕایاندەگرت. زۆر لەو شێعرانەش لە لایەن هونەرمەندانی دەنگخۆشی کوردستانەوە کرانە سروود و گۆرانی و بۆ نموونە شیعری "دایە گیان بگری لە سەر خاکم کە وا شینم دەوێ" چ ئەوکات و چ ئێستا یەکێک لەو شێعرە بەرزانەیە کە هێورکەرەوەی دڵی دایکانی جەرگسووتاوی کورستانە کە جگەرگۆشەکانیان بە دەستی داگیرکرانی کوردستان شەهید بوون.
مامۆستا شەریف لە پاش ئازادبوون لە زیندانی مەریوان و گەڕانەوەی بۆ سنە، پاش ماوەیەکی کەم ڕووی کردە ناوچەی موکریان و لە شاری مەهاباد گیرسایەوە. لەو شارەدا وێڕای تێکەڵبوونی زیاتر لەگەڵ شاعیر و ئەدیبانی ئەو ناوچەیە، درێژەی بە چالاکیە ئەدەبییەکانی و بەتایبەت شێعر نووسین دا. شەریف لە گەڵ ئازارەکانی گەلەکەیدا دەژیا و زۆربەی شیعرە تازەکانیشی دەسبەجێ ل لایەن هونەرمەندانی کوردەوە دەکرانە سروود و گۆرانی. بۆ نموونە شیعری "کۆچی کوردان وا بە کاروان دێ لە ڕێی شارانەوە، ڕۆژ بە باری قورس و برسی شەو لەبەر بارانەوە..." کە بۆ کۆڕەوەکەی خەڵکی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٣٧٠ نووسیویەتی.
جیاواز لە نێوەرۆکی نیشتمانپەروەرانە و شۆڕشگێڕانە لە شێعرەکانیدا، وشە لە دەستی شەریفدا وەکوو مۆم وایە و هونەری کەلکوەرگرتن لە وشە لە شێعرەکانیدا بە جۆرێکە چێژێکی تایبەتی بە بیسەر و خوێنەر دەبەخشێ. لەو بوارەدا دەکرێ بڵێین کاریگەریی دوو شاعیری گەوەرە گۆران و هێمن بەسەر شێعرەکانیەوە دیارە. گرینگیی زمان و پاراستن و خزمەتی زمانی کوردی لای مامۆستا شەریف بە ڕادەیەکە کە مامۆستا لە سێ دەیەی ڕابردوودا زیاترین کاتی خۆی بۆ خزمەتی زمانی کوردی تەرخان کرد، تا ئەو جێگایەی فێرگەکانی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بە هەوڵ و هیممەتی ئەو لە ساڵی ١٣٧٨ لە کوردستان دامەزرا. مامۆستا شەریف وەکوو دڵسۆزێکی زمانی نەتەوەکەی زۆر بەباشی هەستی بەوە کردبوو کە فێربوونی زمان لای هەموو گەلان دەبێ بەشێوەیەکی بنەڕەتی بێ و لەبەینچوونی زمان یانی ڕاوەستانی دڵ و مردن و لەنێوچوونی گەل. بۆیە لەو نامیلکەیەدا کە بۆ فێربوونی ڕێنووسی کوردی دایناوە زۆر بەدروستی دەڵێ،" ئەوکاتەی کە مرۆڤ دەمرێ بەرلەوەی دڵی ڕاوەستی زمانی لە گۆ دەکەوێ، پاش ئەوەی زمان دەبەسترێ، وردەوردە خورپەی دڵیش دەبێتە ئاهەنگی نەمان، کەوابوو گەلێک زیندووە کە زمانی خۆی دەپارێزێ."
مامۆستا دەیزانی کە ڕێگەنەدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە ئێراندا مەترسیی بۆ سەر زمانی کوردی دروست کردوە و زۆر بەباشی هەستی بەو بۆشایی و کەموکۆڕییە کردبوو تا ئەوەی لە هاوینی ١٣٨٧دا یەکەم فێرگەی خوێندن و نووسینی زمانی کوردیی لە ئەنجومەنی مەولەویی شاری سنە و پاشان ئەنجومەنی ئەدەبیی لەیلاخ لە شاری دێولان و دواتر لە جوانڕۆ دانا. لە دوای ئەوە بەرەبەرە لە شارەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان فێرگەکانی زمانی کوردی بە هەوڵ و هیممەتی چالاکانی فەرهەنگی ئەو شارانە کرانەوە. تەنانەت وای لێ هات خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی پەلی کێشا بۆ ئەو زانکۆیانەی شارەکانی ئێران کە خوێندکاری کوردیان تێدا بوو، و بەخۆشییەوە چەند ساڵێک دوای ئەوە لە شارەکانی کوردستان ڕێکخراوی دیکە وەکوو ڕێکخراوی سۆما، بۆ خزمەت بە زمانی کوردی کرانەوە و لە سەر یەک ئەو ساڵانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان خۆبەخشانە و خۆڕسکانە خزمەتێکی باش و بەرچاویان بە زمانی نەتەوەکەیان کردوە کە ئاسەوارەکانی بە ڕوخساری کۆمەڵگەی کوردستانەوە بەباشی دیارە. لەو بوارەدا پێشقەراوڵی ئەو کاروانە و هاندەر و ڕێنیشاندەری لاوان مامۆستا شەریف بوو کە وەکوو ڕۆڵەیەکی ئازا و لێزان و لێهاتووی گەلەکەی، چرایەکی هەڵ کرد کە ڕووناکاییەکەی هەموو کوردستانی گرتەوە.
بەداخێکی گرانەوە لەم ساڵانەی دواییدا مامۆستا شەریف لەبەر ناساغی بۆ چەند ساڵێک لە دنیای ئەدەب و فەرهەنگ و زمان دابڕا، وەک خۆی لە یەکێک لە شێعرەکانی لە ملوانکەی شیندا دەڵێ "وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێمابێ لە ڕووبارێ"، ماوەیەکی زۆر لە ڕووباری تێکۆشەرانی نیشتمان دابڕا و ئەو دۆخەش بوو بە مایەی خەم و نیگەرانیی ئەوانەی کە قەدری ئەم سەرمایە گرانباییەی گەلەکەیان دەزانی. بەخۆشییەوە ئێستا خەریکە سڵامەتیی مامۆستا ڕۆژبەڕۆژ بەرەو باشی دەڕوا و هیوادارم بەم زوانە خەڵکی کوردستان دیسان چاویان بە نووسین و شێعر و خزمەتەکانی مامۆستا شەریف ڕوون ببێتەوە. ئەوەی کە ئەوڕۆ لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی گەل لە هەر دوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشوور کرا، ترووسکاییەک لەو هیوایە بوو.