کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

11:32 - 13 بەفرانبار 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانبار بۆ سەر باکووری غەززە، دەیان چەکداری گرووپی حەماسی کوشتووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە هێزەکانیان ڕۆژی دووشەممە، چەند هێرشێکیان لە باکووری غەززە و لێوارەکانی دەریای مدیترانە کردووەتە سەر چەکدارانی حەماس و لە ئاکامدا دەیان کەس لە هێزەکانی ئەو گرووپەیان کوشتووە.

هاوکات چەند هێرشێکیش کراوەتە سەر باشووری غەززە و چەند سیستەمی هاویشتنی مووشەکی حەماس لە قوتابخانەیەک کە لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کراوەتە ئامانج.

هەروەها ئەرتەش زیادی کردووە کە لە هێرش بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی "جەبالییە" کە چەکدارانی حەماس خۆیان تێدا حەشار دابوو، ژمارەیەک لەو چەکدارانەی کوشتووە.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لە کۆنتڕۆڵی حەماسدایە ڕایگەیاندووە  "لە ئاکامی ئەو هێرشانەی دووشەممەی ئیسرائیل و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٢٠٧ فەلەستینیی دیکە کوژراون و ٣٣٨ کەسیش بریندار بوونە.

بەم پێیە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی پاش دەسپێکی شەڕ لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن گرووپی حەماسەوە، گەیشتووەتە ٢٢ هەزار و ١٨٥ کەس و زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس بریندار و هەزاران کەسیش بێسەروشوێنن کە لەوانەیە تەرمەکانیان لەژێر وێرانەکاندا مابێتەوە.

گرووپی چەکداریی حەماس کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی لێ دەکرێت، لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە بە گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندراوە.

حەماس و جیهادی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە بە هاویشتنی ژمارەیەک تۆپ و مووشەکی دژەتانک توانیویانە پێش بە تانکەکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆژاوای خان یوونس بگرن.

شایانی باسە کە سەرەڕای هێرشە هەمەلایەنەکانی ئیسرایل لە ماوەی  سێ مانگی ڕابردوودا، هێشتا حەماس توانای هەڵدانی مووشەکی بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل لەدەست نەداوە.