کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا جارێکی دیکە حوسییەکانی یەمەنی کردە ئامانج

10:42 - 4 رێبەندان 2723

لە درێژەی ململانێکانی ئەمریکا و حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سووردا، سێنتکام ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هێرشێکی دووبارەدا بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان لە یەمەن، دوو مووشەکی دژەکەشتیی ئەم گرووپەی تێک شکاندووە.

بە وتەی سێنتکام ئەم مووشەکانە ئامادەی هاویشتن بوون و حوسییەکان ویستوویانە بەم مووشەکانە، کەشتییە بازرگانییەکان و ناوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەنە ئامانج.

سێنتکام هەروەها ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەم وڵاتە لە وڵامی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر پایگای عەین ئەسەد لە عێراق، ئەم گرووپەیان کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان.

ئەمریکا، شەوی دووشەممە، ڕایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ بریتانیا، حوسییەکانیان کردوونەتە ئامانج. هەر لەم پێوەندییەدا بریتانیاش ڕایگەیاند کە هێرشەکەی دووشەممە بە پشتیوانی و هاوکاریی ٢٤ وڵات ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام، هێزەکانی ئەمریکا، نیوەشەوی چوارشەممە، لە چەند هێرشی ئاسمانیدا، گرووپە میلیشیاکانی کەتایبی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، لەم هێرشانەدا، کۆگەکان و ئەو شوێنانەی کە پێوەندییان بە کەرتی مووشەک و درۆنەکانی کەتایبی حیزبوڵڵاوە بووە، کراونەتە ئامانج.