کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستانی باشوور پشتیوانییان لە کۆڵبەرەکانی ڕۆژهەڵات کرد

11:39 - 4 رێبەندان 2723

دوابەدوای ئەوەی کە لە ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانباردا ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە، بێڕزییان پێ کرا و ئازار و ئەشکەنجە دران، خەڵکی باشووری کوردستان، دژکردەوەیان نیشان دا و بە شێوازی جیاواز ئەم کارەیان مەحکووم کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانانی هەورامان، هەڵەبجە و شارەزوور و خورماڵ بە کۆبوونەوە و بڵاوکردنەوەی یادداشتێکی ناڕەزایەتی، ئەم کارەیان دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤ ناو برد و مەحکوومیان کرد.

خەڵکی باشووری کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا داوایان لە داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە لەسەر ئەم کارە بێدەنگ نەبن و بکەرانی ئەم کارە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

لە درێژەی بێڕێزییەکانی پاسەوانانی سنوور بە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار مەحموودی" کوڕی ئەسکەندەر، خەڵکی گوندی "شمشێری" پاوە، بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی عێراق، لە ناوچەی "تێلوور"ی شۆشمێی پاوە، گیانی لەدەست دا.

لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکەش بەهۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی عێراق بریندار بووە.