کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندەکانی ڕێژیم دەیانەوێ ماڵی خەڵک بڕووخێنن

12:22 - 4 رێبەندان 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان بە هاوکاریی ناوەندەکانی ڕێژیم، دەیانەوێ ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک لە ناوچەی پرد شیرازی لە قەسری شیرین بڕووخێنن .

خەڵكی ئەم ناوچەیە دەڵێن ئێمە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە کە چەند هێکتار لەم زەویەمان بە پارە لە دەوڵەت کڕیوە و تێێدا ماڵمان درووست کردووە و بەڵگەی خاوەندارەتیی فەرمیشمان پێیە.

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ داگیرکردنی زەویەکانیان لەکاتێکدایە کە ئەەم خەڵکە دەیان ساڵە لەم شوێنەدا دەژین و تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک ئاو و کارەباشیان بۆ دابین نەکراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم، بە مەبەستی تێکدان و ڕووخاندنی ماڵی ئەم خەڵکە، هێرشیان کردووەتە سەر ئەم هاووڵاتییانە و بە بۆڵدۆزێر ویستوویانەماڵەکانیان بڕووخێنن کە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی خەڵکەکە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ژمارەیەک لە دانیشتووانی پرد شیرازی لە قەسری شیرین، خەڵکی دەوروبەری داڵاهۆن کە نزیکەی ٢٥ ساڵ پێش ئەم زەویانەیان لە دەوڵەت کڕیون و لەوێ نیشتەجێ بوون.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی خەڵکی ئەم ناوچەیە و سەردانیان بۆ ناوەندەکانی ڕێژیم بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بێ ئاکام بووە و بە وتەی خودی خەڵکەکە، فەرمانداریی شاری قەسری شیرین ڕۆڵی سەرەکیی لەم گوشارهێنانە بۆ سەر خەڵک هەیە.