کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ١٤٠١دا لانیکەم ٩٣٠هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە

17:00 - 13 بەفرانبار 2723

لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٩٣٠هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە کە هەژاری و نەبوونی توانایی بۆ دابینکردنی تێچووەکانی خوێندن لە هۆکارە سەرەکییەکنی ئەم وازهێنانە بووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی خوێندنی ١٤٠١-١٤٠٢دا لانیکەم ٩٣٠ هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.

لە ساڵی ڕابردوودشدا ١٨٥ هەزار قوتابی لە ئاستی سەرەتایی، ١٨٩ هەزار قوتابی لە قۆناغی ناوەندی و زیاتر لە ٥٣٥ هەزار قوتابی لە قۆناغی دواناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی ڕابردوو نیشانی دەدات کە تەنیا لە نێوان منداڵانی تەمەن ٦ تا ١١ ساڵدا، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن کەم بووە.

بەشێکی زۆر لەو منداڵانەی کە بە هەر هۆکارێک واز لە خوێندن دێنن دەخرێنە ڕیزەکانی منداڵانی کارەوە.

پەرەسەندنی هەژاری لە ئێران کە بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ زۆربونەوەی ڕێژەی منداڵانی کار و هەروەها پەرەسەندنی دیاردەی چووکەبەشوودان، لە گرینگترین هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندنە.

قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی دایکی و کاریگەرییەکەی لەسەر فێرکاریی دروستی قوتابییان یەکێکی دیکە لە هۆکارە گرینگەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندنە.