کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌رده‌وامبوونی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بە لەسێدارەدانی محەممەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی

12:37 - 4 رێبەندان 2723

ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ لە ڕاگه‌یندراوێكدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا بە ڕێژەیەکی مەترسیدار جێبەجێکردنی سزای لەسێداره‌دانییان پەرە پێ داوە و رایگەیاند كه‌ پێویستە وڵاتانی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو جۆرە تۆمەتانە، گوشار بخەنە سەر ئێران .

ئەم ڕێکخراوە هۆشداریی دا كه‌ لانیکەم ١١ بەندکراوی دیکە بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەرگیز نابێت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێت و ئەمەش پێشێلکارییەکی جیددیی مافی ژیانە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤیی "هەوڤار هێڵپ" لە ئاڵمان، بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی محەممەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی و شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، داوای لە حکوومەتی ئاڵمان کرد کە پێوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی لەگەل ڕێژیمی ئێران بپچڕێنێ.

بە وتەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤیی هەوڤار هێڵپ، فەرهاد سەلیمی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی" لە سێدارە دراوە و ئەمەش لە هەلومەرجێكدا بووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا و به‌ زۆره‌ملێ دانپێدانانی لێ وەرگیراوە.

ناوبراو داوای کرد کە یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسداران بخاتە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانییەوە.

هەروەها نۆربێرت ڕۆتگن، نوێنەری پارتی دیمۆکرات مەسیح و ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی پەرلەمانی ئاڵمان ڕایگه‌یاند كه‌ ئەستەمە بەرگەی ئەم نادادپەروەرییە بگرین، هەروەها سەختە بەرگەی ئەوە بگرین کە نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران هێشتا لە زۆر وڵاتاندا پێشوازییان لێ دەکرێت.

له‌ سێداره‌دانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی ئێرانه‌وه‌ بێجگه‌ كه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی دەوڵەتان و كه‌ساییه‌تیه‌ سیاسییه‌كان، كاردانه‌وه‌ی چین و توێژه‌ جۆراوجۆری كۆمه‌ڵگە وه‌كوو هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشكاران و... لێ كه‌وته‌وه‌.