کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی ٢٥٠٠ قوتابخانە لە ئێران نیوەچڵ ماوەتەوە

17:59 - 4 رێبەندان 2723

بە وتەی بەرپرسانی ڕێکخراوی نۆژەنکردەوەی قوتابخانەکانی ئێران، ٢ هەزار و ٥٠٠ قوتابخانەی ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە ٨ ساڵە کە بەنیوەچڵی ماونەتەوە و پرۆژەکانیان تەواو نەکراوە.

شەهریار خاجە ساڵحانی، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران وێڕای ئاماژە بەوەی کە تێپەربوونی کات وای کردووە کە لە بواری تکنیکی و ئەندازیارییەوە ئەم بینایانە بە کەڵک نەیەن، ڕایگەیاندووە کە لە ٢٥٠٠ قوتابخانەی نیوەچڵ، ٥٤ قوتابخانە، زیاتر لە ١٥ ساڵە کە بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارە زیاتر لە ٤٠٠٠ پۆلی خوێندن لە دەیەی فەجری ئەمساڵدا، لەلایەن سەرۆکۆماری ڕێژیمەوە، بکرێنەوە.

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی شانۆی هەڵبژاردنەکان، بەرپرسانی ڕێژیم بە باسکردن لە پرۆژە نیوەچڵەکانی ڕابردوو، لە هەوڵدان متمانەی خەڵک بۆ دەسەڵات بگەڕێننەوە و لەم دەرفەتە بە قازانجی خۆیان کەڵک وەربگرن.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ژمارە بەرچاووە لە قوتابخانەکان بە هۆی دابیننەکردنی بوودجە و زۆر جار دزینی بوودجەی تەرخانکراو دوا خراون، ڕێژیم بە دامەزرانی ئاخوندەکان لە قوتابخانەکان و تەرخانکردنی بوودجەی تایبەت بۆ مووچەی ئەم ئاخوندانە، هەوڵ بۆ سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی خۆی لە قوتابخانەکاندا دەدات.