
ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانبار، حاجی عادڵ ئیبراهیمی خەڵكی ناوچەی دۆڵ سەر بە شاری ورمێ، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.
حاجی عادڵ کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات بوو، هەر بەو بۆنەیەوە، چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە کەتبووە بە ئازار و ئەشکەنجەوە.
کوڕێکی حاجی عادڵ بە ناوی ئەیووب لە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا بووە و چەکی بەرگری لە مافی نەتەوەکەی لە شان کردووە کە بەداخەوە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا، لە شەڕی کێلەشین، لەگەڵ چەند هاوڕێی پێشمەرگەی دیکەی شەهید بووە و چووەتە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەوە.
حاجی عادڵ هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە و بەردەوام شانازیی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد.
تەرمی ناوبراو لە گوندی زێویە و لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەی دۆڵدا بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.