کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکانی یەمەن بە چەکی پێشکەوتووی ئێرانی تەیار کراون

18:34 - 4 رێبەندان 2723

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە تەیارکردنی حوسییەکانی یەمەن بە چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ئێرانی کردووە و نووسیویەتی سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، توانایی حوسییەکان بۆ هێرش کردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و تێکدانی بازرگانیی نێودەوڵەتی پەرە دەستێنێ.

واڵ ستریت ژۆرناڵ باسی لەوە کردووە کە تێکۆنۆلۆژی و ڕاوێژکارانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، یارمەتیدەرێکی بەهێزی حوسییەکان بۆ هێرشەکانیانن و ڕایگەیاند کە ئێران لە نێوان  کەرەستە پێشکەوتووەکانی خۆیدا، سیستەمی دروستکردنی پارازیتی پەهباد و پارچەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و مووشەکی کرووزی بە حوسییەکان داوە.

لە ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریت ژۆرناڵدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان بە مەبەستی یارمەتیدانی حوسییەکان لە هێرشەکانی خۆیاندا، ڕاوێژکاری تایبەتیان بۆ یەمەن ناردووە.

بەرپرسانی ڕۆژاوایی باسیان لەوە کردووە کە داهێنانە نوێیەکان ئەتوانن کاریگەریی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەەکان و خاکی ئیسرائیل، زۆرتر بکەنەوە.

بەرپرسانی ڕۆژاوایی بە واڵ ستریت ژۆرناڵیان وتووە کە ڕاگواستنی تێکۆنۆلۆژیی مووشەکی بالستیک و فێرکارییەکەی لەلایەن یەکەی ٣٤٠ی سپای قودسی ڕێژیمەوە دەکرێ کە لەم ڕێگایەوە پێرسۆنێلی حوسییەکان لە ئێران و لوبنان فێر دەکرێن.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی دەستێدابوونی خۆی لە هێرشەکان بۆ سەر ناوچە و بەتایبەت دەریای سوور و پشتیوانی لە حوسییەکان ڕەت دەکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماڵپەڕی پۆلێتیکۆی ئەمریکایی، باسی لەوە کردووە کە حوسییەکان بە وەرگرتنی چەکوچۆڵی زیاتر لە ئێران، دەیانەوێ هێرشەکان یان بۆ سەر دەریای سوور پەرە پێ بدەن.