کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بەرپرسایەتیی کوژرانی ئەلعاروری لە ئەستۆ ناگرێ

17:03 - 13 بەفرانبار 2723

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی "ساڵح ئەلعاروری" جێگری ڕێبەری حەماس لە بەیرووت، دوابەدوای هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئەم بابەتەیان ڕەت کردەوە.

مارک ڕێگێڤ ڕاوێژکاری باڵای بێنیامین نێتانیاهوو، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەرپرسایەتیی هێرشەکەی سەر ساڵح ئەلعاروری لە لوبنان، ناگرێتە ئەستۆ.

ڕێگێڤ لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵێکی میدیاییدا وتی: ئیسرائیل بەرپرسایەتیی ئەم هێرشە ناگرێتە ئەستۆ بەڵام بکوژانی ئیسرائیلییەکان چاوەڕێ بن تاکوو دەستی دەوڵەت و هێزەکانی ئیسرائیلیان پێ ڕابگا.

هەروەها دانیەل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە پرێس کۆنفراسێکدا لە وڵامدانەوە بە پرسیارێک کە سەبارەت بە کوژرانی ساڵح ئەلعاروری بوو، خۆی بوارد.

هاگاری لەم پێوەندییەدا وتی: ئێمە سەرنجمان خستووەتە سەر شەڕ لەگەڵ حەماس و ئەرتەش لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەرگری و هێرش ئامادەیە.

ساڵح ئەلعاروری یەک لە بەرپرسانی باڵای گرووپی حەماس بوو کە ماوەیەک لەمەوبەر لە تاران دانیشنێکی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم هەبوو.

لە گرتەڤیدۆیەکدا دەردەکەوێت کە ئەلعاروری و چەند بەرپرسێکی باڵای حەماس لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر و پاش هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و ڕەشەکوژیی نزیک بە ١٢٠٠ ئیسرائیلی کە بەشێکی زۆریان خەڵکی مەدەنی بوون، سوجدەی شوکریان بەجێ هێنابوو.

زۆربەی کوژراوەکانی ئەو هێرشە ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان بوون.

 

لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس کە خۆی دانیشتووی قەتەرە، ئەم هێرشەی بە پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان لە قەڵەم داوە و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە کە دەرئەنجامی ئەم کارە دەبینێت.