کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران

10:07 - 5 رێبەندان 2723

کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاماری سزای لەسێدارەدران لە ئێران نیگەرانیی دەربڕی.

ڤۆڵکر ترک، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژە بە لەسێدارەدرانی لانیکەم ٥٠ کەس لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە سزای لەسێدارەدان لەگەڵ سەرەکیترین مافی مرۆڤ، واتە مافی ژیان ناتەبایی هەیە و خوازیاری وەستاندی ئەم سزایە بوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە محەممەد قوبادلووو نۆیەمین کەس بووە کە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە دراوە و فەرهاد سەلیمی، زیندانیی کوردیش پاش تێپەڕاندنی ١٤ ساڵ بەندکران، لە هەمان ڕۆژدا لە سێدارە درا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە مافی دادڕەسەی دادپەروەرانە دەبێ بۆ هەموو تۆمەتباران ڕەچاو بکرێت و سەبارەت بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم کەسانە وتوویەتی نابێ ئەم جۆرە دانپێدانانە وەکوو بەڵگە لە هیچ دادڕەسییەکدا پشتیان پێ ببەسرێت.

ڤۆڵکر ترک بە ئاماژەکردن بەوەی کە سێ لە سەر چواری وڵاتانی جیهان، سزای لەسێدارەدانیان لە یاسا و لە کردەوەدا هەڵوەشاندووەتەوە داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە بە مەبەستی نەهێشتنی یەکجاریی سزای لەسێدارەدان، بە شێوەی کاتی ئەم سزایە هەڵپەسێرێ.

لەسێدارەدانی فەرهاد سەلیمی و محەممەد قوبادلوو، کاردانەوەی زۆری ڕێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ و کەسایەتییە دیارە سیاسی، هونەری و وەرزشییەکانی بەدواوە بوو.