کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژ بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەک مانگە لە غەززە درێژەی هەیە

10:13 - 5 رێبەندان 2723

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل و حەماس بە گشتی لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان لە ماوەی یەک مانگدا ڕێککەوتوون بەڵام وتووێژەکانیان بە هۆی کێشە و مڵملانێ سەبارەت بە چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە شەڕ، ڕاگیراون.

قەتەر، ئەمریکا و میسر لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، هەوڵەکانی خۆیان بۆ ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و فلستین و گەیاندنی یارمەتی بە غەززە خستبووە گەڕ.

ئاخرین خولی هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ وتووێژەکانی نێوان هەر دوو لایەنی شەڕەکە، لە ٧ی بەفرانباری ئەمساڵدا دەستی پێ کرد و دوابەدوای ئەوە حەماس بە یەکەم جار پێشنیاری ئاگربەستی چەند مانگەی هێنایە گۆڕێ و ناکۆکییەکان بوونە هۆی ئەوەی کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ کەم بکرێتەوە.

بە وتەی چەند سەرچاوەی ئەمنییەتیی میسری، حەماس بە مەبەستی قەبووڵکردنی ئاگربەستی سەرەتایی، کۆمەڵێک خاڵی خستوونەتە بەر باس تاکوو هەتا قۆناغی دووهەمی ڕێککەوتنەکە، گەرەنتیی دۆخەکە بکات.