کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل شەڕ لەگەڵ ئیسلامی توندئاژۆی ڕێژیمی ئێران دەکات

17:05 - 13 بەفرانبار 2723

''ئیسرائیل کاتێز'' وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٢ بەفرانبار، لە یەکەم ڕۆژی کارکردنیدا ڕایگەیاند کە، شەڕی سێهەمی جیهانی دژ بە باوەڕی مەترسیداری ئیسلامی توندئاژۆ بە ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە.

ناوبراو وتوویەتی ئیسرائیل لەم بەرەی شەڕەدا تەنیا نییە و وڵاتانی عەرەبیش لە بەرەی ئەم شەڕە دژی کۆماری ئیسلامی ئێراندان.

ناوبراو ڕێژیمی ئێرانی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕۆژی ١٥ ڕەزبەردا بە بەرپرسیار زانی و ڕایگەیاند کە حەماس هەوڵی بێلایەنکردنی ڕەوتی تەواوکردنی ئاشتیی نێوان عەرەبستان و ئیسرائیل دەدات.

کاتێز ئازادکردنی ١٢٩ بارمتەی ئیسرائیلی وەکوو ئامانجی سەرەکیی خۆی ناو برد و وتی پاراستنی ڕەوایی ئیسرائیل بۆ خەبات دژی حەماس و حیزبوڵڵا، یەکێکی دیکە لە بەرنامە گرینگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەبێت.

کاتێز وتیشی ئامانجێکی دیکە، ڕاگرتنی ئەو هەڕەشانەیە کە هەوڵەکانی ڕیژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و کەڵکوەرگرتن لە گرووپە نیابەتییەکانی ئەوان وەکوو حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دروستی دەکات.