کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا خەڵاتێکی ١٥ میلیۆن دۆلاریی بۆ دۆزینەوەی کەسێکی پێوەندیدار بە دروستکردنی پەهبادەکانی ئێران دیاری کردووە

12:33 - 5 رێبەندان 2723

وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە بۆ دەستخستنی زانیاریی باوەڕپێکراو سەبارەت بە کەسێک بە ناوی حوسێن هاتفی ئەردەکانی، بازرگانی ئێرانی کە لە دروستکردنی پەهباد بۆ بەکارهێنانیان لەلایەن ڕووسیەوە لە دژی ئۆکراین یارمەتیی ئێران دەدات، هەتا ١٥ میلیۆن دۆلار خەڵاتی دیاری کردووە.

بەپێێ زانیارییەکان، حوسێن هاتفی ئەردەکانی، بە هاوکاریی کەسێک لە چین و بە شێوەی نهێنی تێکنۆلۆژی و پارچەگەلێکی بۆ ئێران ڕاگواستوون کە لە بەرهەمهێنانی پەهباددا کەڵکیان لێ وەردرگیرێ.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە حوسێن هاتفی ئەردەکانی بۆ دەستخستنی تێکنۆلۆژیی پێویست بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی بە سپای پاسداران، هاوکاریی سپای پاسدارانی کردووە.

حوسێن هاتفی ئەردەکانی یەکێک لەو کەسانەیە کە لە سەرماوەزی ئەمساڵدا لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە گەمارۆی خرایە سەر.

ئەمریکا ساڵانێکە باس لە دابینکردنی پەهبادە خۆتەقێنەکانی ڕووسییە بۆ شەڕی ئۆکراین لەلایەن ئێرانەوە دەکات و لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ڕێژیم ئەمەیان ڕەت کردووەتەوە.