کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان داوای کشانەوەی ئەمریکا و بریتانیا له‌ یه‌مه‌ن دەکەن

12:42 - 5 رێبەندان 2723

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٤ی ڕێبه‌ندان ناوه‌ندێکی ئەمنییەتی دەریایی بریتانیا ڕایگەیاند کە تەقینەوەیەک لە مەودای ١٠٠ كیلۆمیتریی کەشتیێکەوە له‌ ده‌ریای سوور ڕووی داوە.

گومانی ئەوه‌ ده‌كرێ كه‌ ئه‌و تەقینەوەیە كاری گرووپی حوسییەکانی سه‌ر به‌ ڕێژیمی ئێران بووبێت چونکە له‌ ماوه‌ی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا ئه‌م چه‌شنه‌ هێرشانه‌ بۆ سەر ئەو کەشتییانەی كه‌ بە دەریای سووردا تێدەپەڕن زیادی كردووه‌.

حوسییەکان ئیدعای ئەوە دەکه‌ن كه‌ ئه‌و كه‌شتییه‌ بارهه‌ڵگرانه‌ پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە بۆیه‌ ده‌بنه‌ ئامانج.

هێرشی حوسییه‌كان کاردانەوەی ئەمریکا و بریتانیای لێ کەوتۆته‌وه‌ و ئه‌و دوو وڵاته‌ تا ئێستا چەندین جار بنكه‌ی ئه‌و گرووپه‌یان کردووه‌ته‌ ئامانج یان پێشیان بە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییه‌كان گرتووە.

لە هەمان کاتدا کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو گرووپه‌ و زلهێزەکانی ڕۆژاوایی پەرەی سەندووه‌، حوسییەکان ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕێبه‌ندان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ مانگێک مۆڵه‌تیان بە هەموو هاووڵاتییانی ئەمریکایی و بریتانیایی، نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوه‌ تاکوو بنکەکانیان لە شاری سه‌نعای‌‌‌ یه‌مه‌ن چۆڵ بکەن.

حوسییەکان ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ لە وڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانیان بووه‌.