کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی فەریار ئەمینیپوور لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا بە خاک ئەسپێردرا

14:43 - 6 رێبەندان 2723

ئەمڕۆ هەینی، ۶ی ڕێبەندان، تەرمی فەریار ئەمینیپوور، پاڵەوانی وەرزشی موی تای و خەڵکی شاری سەقز گەڕێندرایەوە زێدی خۆی و بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم وەرزشوانە کوردە بە بەشداریی بەرچاوی وەرزشوانان و هەزاران کەس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، فەریار ئەمینیپوور ورزشوانی  تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی سەقز، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە وڵاتی تایلەند گیانی لەدەست دا.

فەریار ئەمینیپوور وەرزشوانی بواری موی تای بووە و پێشتر یاریزانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بووە و لە چەندین کێبڕکێی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی سەرکەتوو بووە و چەندین قارەمانی بە دەست هێناوە.

فەریار ئەمینیپوور لێژیونێری کەمپی تایگێر لە وڵاتی تایلەند بووە و بڕیار بووە گرێبەستی ١٠٠ هەزار دۆلاری واژۆ بکات.

ناوبراو یەکێک لە سەرکەوتووترین لێژیونێرگەلی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە کە ٤ بردنەوە و ١ شکستی لە کارنامەکەیدا بووە و دوایین کێبڕکێی خۆی کە ١ی بەفرانباری ئەمساڵ لە یاریگەی لۆمپینی بانکۆک ئەنجام دابوو و بەسەر یاریزانەکەی تردا زاڵ ببوو.

ئەم وەرزشوانە کوردە کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و بەردەوام لە هاوکاریکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خۆی بواردووە و یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا هەمووکات پاڵپشتیی لەو شۆڕش و بزووتنەوەیە کردووە و و دژایەتیی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەبووە هەر بۆیە لە لای خەڵک کەسێکی خۆشەویست و خۆشناو بوو.