کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک

17:11 - 13 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانبار، کاک عەبدولڕەحمان بابایی پێشمەرگەی پێشووی حیزب و کەسایەتیی خۆشناو و دیاری ناوچەی سەلاسی باوەجانی، بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی دانمارک کۆچی دوایی کرد.

کاک عەبدولڕەحمان کەسایەتییەکی نەتەوەیی و خاکی و خاکەڕا بوو. ناوبراو پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن دەبێتە مامۆستا و چەند ساڵێک لە ناوچەکانی سەلاس و جوانڕۆ وانە دەڵێتەوە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران ناوبراو دەست دەکات بە کاری تەشکیلاتی و پاشان دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ناوچەکانی ئەزگڵە و بەمۆ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.

ناوبراو بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە کەمپی ئەلتاش لە ڕۆمادی ژیانی بەسەر دەبات هەتا ئەو کاتەی کە پەڕیوەی هەندەران دەبێت و لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێ دەبێت.

کاک عەبدولڕەحمان وەکوو کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار ئەو کاتەی کە لە کەمپی ئەلتاش بوو منداڵانی فێری نووسین و خوێندن دەکرد و ئەو کاتەش کە لە دەرەوەی وڵات بوو لە بەشداریکردن لە بۆنە و خۆپێشاندانەکاندا درێغی نەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.