کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی چین لە ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور

15:52 - 6 رێبەندان 2723

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، چین داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی دەریای سوور کۆنتڕۆڵ بکات .

چین وێڕای ئەم داواکارییە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕێژیم، داواکارییەکە جێبەجێ نەکات، پێوەندییە بازرگانییەکانییان تووشی کێشە دەبن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پرسی هێرشی حوسییەکان و بازرگانیی نێوان پێکەن و تاران، لە چەندین کۆبوونەوەدا باسی لەسەر کراوە.

لە ڕۆژانی رابردوودا، جان كێربی ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتێژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ده‌وڵه‌تی جۆ بایدن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی كۆشكی سپیدا ڕایگه‌یاند بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوه‌ندییه‌ی كه‌ چین له‌گه‌ڵ دەسەڵاتدارانی تاران هەیه‌تی، ده‌توانێ قەناعەت بە ڕێژیمی ئێران بێنێ کە چەک و ته‌قه‌مه‌نیی حوسییەکانی یەمەن دابین نه‌كات. 

ناوبراو وتی، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی كه‌ چین له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌تی ئێمه‌ نیمانه‌ و چه‌ندین جار داوامان له‌ پێكەن كردووه‌ كه‌ كه‌ڵک له‌و پێوه‌ندییه‌ وه‌ربگرێ و داوا له‌ ئێران بكات ده‌ست له‌ ناردن و دابینكردنی چه‌ک و تەقەمەنی بۆ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن هه‌ڵبگرێ .

ئەم داواکارییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین پاڵپشتی حوسییەکانی یەمەنە و بە بەردەوامی لە بواری نیزامییەوە پێویستییەکانی ئەم گرووپە دابین دەکات.