ئەمڕۆ هەینی، ٦ی ڕێبەندان، خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ ناشتنی تەرمی فەریار ئەمینیپور وەرزشوانی خەڵکی سەقز کە لە وڵاتی تایلەند و بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا، سەردانی مەزاری ژینا ئەمینییان کرد و گوڵبارانی مەزارەکەیان کرد.
هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بەشدارییان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم وەرزشوانە کوردە کرد.
خەڵکی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لەم دەرفەتە، سەردانی مەزاری شەهیدانی شۆڕشی ژینا و هەروەها شەهید ژینا ئەمینییان کرد و بە وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانە یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت.
لە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم لە تاران، گۆڕستانی ئایچیی سەقز بوو بە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیم و سەرەڕای زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی و دانانی کامێرای چاوەدێری لەم گۆڕستانە بەتایبەت لەسەر مەزاری ژینا ئەمینی، خەڵکی کوردستان بە بەردەوامی سەردانی ئەم گۆڕستانە دەکەن و حەماسەی تێدا دەخولقێنن.