کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجی ئەمریکا ڕاگرتنی هێرشی حوسییەکانە

10:39 - 7 رێبەندان 2723

بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا دژی حوسییەکان لە دەریای سوور، تەنیا ڕاگرتنی حوسییەکان و پێشگرتن لە ئاڵۆزییەکانی داهاتوویە.

ژنراڵ چارڵز براون، لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا ناتوانێ پێشبێنیی ئەوە بکات کە ئەم گرووپانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چۆن وڵامی کردەوەی ئەمریکا دەدەنەوە، بۆیە وەبەرایەتی بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە هێزەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی بپارێزێ و ئەم گرووپانە کۆنتڕۆڵ بکات.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئامانجی ئێمە ڕاگرتنی حوسییەکان و پاراستنی هێزەکانی خۆمانە و نامەنەوێ بچینە نێو شەڕ و دەرگیرییەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە حوسییەکان لە ڕۆژی هەینیدا، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر کەناراوەکانی یەمەن درێژە پێ دا .

حوسییەکان دەڵێن لە پاییزەوە تاکوو ئێستا و بە تۆڵەی پشتیوانیی ئەمریکا و بریتانیا لە شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس، زیاتر لە ٣٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر دەریای سوور. کە پێنتاگۆنیش ئەم هێرشانەی پشتڕاست کردوونەتەوە.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە وڵامی حوسییەکاندا، لانیکەم ٤ جار ئەم گرووپەیان کردووەتە ئامانج. هەروەها ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە دەخاتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار، ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە حوسییەکان لە "زانکۆی زانست و تێکنۆلۆژیی دەریایی خامەنیی" لە زیباکناری ڕەشی ڕاهێنانیان پێ کراوە و خودی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران چاوەدێریی کارەکانیان دەکات.