کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی توانایی ئێران لە شەڕی سایبێری

11:50 - 7 رێبەندان 2723

پەرەسەندنی هێرشە سایبێرییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، وای کردووە کە کارناسانی ئەمنییەتی سایبێری سەبارەت بە پەرەسەندنی توانایی ڕێژیم لەمبارەوە هۆشداری بدەن.

گیل مەسینگ، بەرپرسی نووسینگەی کۆمپانیایەکی ئەمنییەتی سایبێریی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە هاکێرەکانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، لە بواری بەرهەمهێنان و گەشەی بەرنامەی زیانبەخشەوە، پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە لە هێرشە سایبێرییەکانی پیشووی ئێراندا، تێکنیکەکان بە ئاسانی ئەبینرانەوە بەڵام لێکۆڵێنەوەکانی ئەم دواییانە دەریان خستووە کە کە هاکێرەکانی ڕێژیم ئێستا کەڵک لە بەرنامەگەلێکی زیانبەخشی پیشکەوتوو وەردەگرن کە تەنانەت دەتوانێ لە شوێنە پارێزراوەکانیشدا، بۆ ماوەیەک بە بێ ئەوەی بناسرێنەوە، سیخوڕێ بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، گرووپی سایبێریی "سایە سیاه"، کە لە باکووری ئیسرائیل هێرشی سایبێریی کردە سەر نەخۆشخانەیەک، لە چوارچێوەی کۆمپانیایەک لە تاران چالاکی دەکات.

بە وتەی مەسینگ، کۆماری ئیسلامی ئێستا کۆمەڵێک ئیمکاناتی پێشکەوتووی لەبەر دەستدایە کە تەنانەت تا یەک ساڵ پیش نەیبووە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر فۆکۆس دەکات سەر ناوەندە دەوڵەتییەکان وەک وەزارەتخانەکان و ئەو کۆمپانیایانەی کە زانیاریی زۆرتریان لەلایە و زیاترین ئامانجەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لە ئیسرائیلن.

هەندێک لە نیشانەکان باس لەوە دەکەن کە پێش لە دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ڕێژیم چەند هێرشی سایبێریی کردووەتە سەر ئیسرائیل کە ئەمە وەکوو خاڵی دەسپێکی ئەم شەڕە ناوی لێ دەبردرێت.

یەکێک لەم گرووپە سایبێرییانە، بە ناوی "سایبێر تووفان"، لەم دواییانەدا چەندین جار کۆمپانیاکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.