کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە بەفرانباری ئەمساڵدا

12:22 - 7 رێبەندان 2723

ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایین ڕاپۆرتیدا لەسەر نرخی پێوانەی بەکارهێنەران لە مانگی بەفرانبار ڕایگەیاند، بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو، نرخی هەڵاوسان بە ڕێژەی ٢.٦٪ بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە ئێران لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ٣٨.٥٪ بووە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووتە ئاستێکی دژوار و تا کۆتایی ئەمساڵ بە ڕێژەیەکی کەم دادەبەزێت و لە ساڵی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوتە بەردەوامەکەی خۆی و دیسان بەرز دەبێتەوە.

ئەم بەرزبوونەوە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام لە میدیاکاندا باسیان لە کۆنترۆڵی هەڵاوسان و هەروەها بەردەوامبوونی ڕەوتی کەمکردنەوەی هەڵاوسان کردووە.

لەم پێوەندییەدا سەرۆککۆمار و وەزیری ئابووریی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسیان لە سەرکەوتنی دەوڵەت بەسەر هەڵاوساندا کردبوو و ڕایانگەیاند کە ڕەوتی هەڵاوسان لە ئێران دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەم دابەزینەش بەردەوام دەبێت.

داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەری دەخات کە بە پێچەوانەی ئیدعاکانی بەرپرسانی ڕێژیم نرخی هەڵاوسان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە و لە ئێستاشدا لەم ڕەوتە بەردەوامە.

لەم پێوەندییەدا کارناسێکی ئابووری لە ئێران ڕایگەیاندووە کە نرخی هەڵاوسان نزیک بە ٤٠٪ و توانای کڕینی خەڵک بە ڕێژەیەکی زۆر، کەم بووەتەوە و کەمتریش دەبێتەوە و هەموو ئەمانە ئاکامی سیاسەتەکانی بەرپرسان، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوویە.