بنەماڵەی زەکەریا خەیاڵ لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە منداڵە تازەلەدایکبووەکەیان، بە یادی ئەو کوڕەیان کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا شەهید بوو، ناوی "زەکەریا"یان لێ نا.
زەکەریا خەیاڵ، کوڕی تازەلەدایکبووی بنەماڵە، ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لەدایک بوو. زەکەریای تەمەن ١٦ ساڵیش کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی کوژرا، لەدایکبووی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٤ بوو.
زەکەریا خەیاڵ، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە شەقامی ٣٢ میتریی پیرانشار بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان بە هۆی بەرکەوتنی دوو فیشەکی چەکی کڵاشینکۆف لە پشت و سینگ و دەستی، شەهید بوو.
هەر لە سەرەتاوە تەرمی زەکەریا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دزرا و باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئاگایی پیرانشارەوە دەسبەسەر کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە باوکی زەکەریا کردبوو کە ڕایبگەیێنێ کە بکوژی منداڵەکەی حیزبە کوردستانییەکانن، بەڵام ناوبراو ئەم داواکاریەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕەت کردبووەوە و وتبووی هێزەکانی رێژیم بکوژی کوڕەکەی منن.