کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناو لە ناوچەی سەردەشت

14:08 - 7 رێبەندان 2723

ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی ڕێبەندان، محەممەد شێخانی ناسراو بە کوێخا محەممەدی گەوەلان لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە، کۆچی دوایی کرد.

محەممەد شێخانی کوڕی کوێخا عەزیزی گەوەلان کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەکە و هەروەها مرۆڤێکی ئەمین و سەرڕاست بوو.

ناوبراو لە چارەسەرکردنی پرس و کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسایەتییەکی دیاری هەبوو و ئۆگری تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو.

کوڕێکی کوێخا محممەد بە ناوی عەزیز شێخانی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بووە، هەر بۆیە زۆر جار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کەوتووەتە ژێر گوشار و توندوتیژییەوە.

کوێخا محەممەد بۆ ماوەی چەند ساڵ، لانیکەم دوو جار لە حەفتەدا خۆی بە ئیتلاعات ناساندووە و واژۆی کردووە کە لە شار نەچووەتە دەرەوە.

ناوبراو چەندین جاریش بە مەبەستی گەڕاندنەوەی کوڕەکەی بە زۆرەملێ ڕەوانەی باشووری کوردستان کراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمین دەزانێت.