کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی تاوتوێی گەمارۆی نوێ دژی تاران دەکەن

11:26 - 8 رێبەندان 2723

هاوکات لەگەڵ ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکە، ئەمریکا و چەند وڵاتی ئورووپایی دەیانەوێ، گەمارۆکان دژی ئەم ڕێژیمە، زۆرتر بکەنەوە.

پێدەچی ئەم گەمارۆیانە وەکوو ئەو گەمارۆیانە بن کە پێش واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥، دژی ئێرانراگەیەندرابوون.

دەوڵەتی بایدێن بڕیاری داوە سیاسەتی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگۆڕێ و لە جیاتی گوشاری دیپلۆماتیک، بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پێشگرتن لە کردەوە هێرشبەرانەکانی لە ناوچە، بە گەمارۆی زیاتر، گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەم ڕێژیمە.

گەمارۆی نوێ ئەتوانێ "مێکانیزمی ماشە" بۆ جارێکی دیکە بخاتە گەڕ. بە چالاکبوونەوەی ئەم مێکانیزمە، هەرکام لە لایەنەکانی ڕێکەوتننامەی بەرجام، دەتوانن داوای گەڕاندنەوەی ئەو گەمارۆیانە بکەن کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژی ئێران هاتبووە ئاراوە و لە کاتی بەرجامدا، هەڵپەسێردرابوون.

بە کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشە، گەمارۆکان لە بواری چەکوچۆڵ، چاوەدێریی چڕ بەسەر کردەوە دارایی و تێکنیکییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرنامەی نیزامی و ناوکی و کاروباری بانکی وەگەڕ دەخرێنەوە.

دەوڵەتی بایدێن لە وتووێژەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام، هەوڵی دا هەموو گەمارۆگانی سەردەمی ترامپ جێبەجێ نەکات. ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی نایاسایی هەناردەکردنی نەوتی خۆی بۆ چین پەرە پێ بدات.