کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا جارێکی دیکە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕێژیم لە دەریای سوور پەنای بۆ چین برد

12:06 - 8 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە ٧ ڕێبەندان، بەرپرسانی باڵای چین و ئه‌مریکا، به ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لەبارەی کۆمه‌ڵێک پرس له‌وانه ئێران و تایوان، وتووێژێکی کراوەیان کرد؛ ئەمریکا داوای لە چین کرد ڕێژیمی ئێران ڕازی بکات کە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر دەریای سوور ڕابگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، جەک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی داوای لە وەزیری دەرەوەی چین کردووە کە بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی دیپلۆماسیی خۆی، ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور ڕازی بکات.

لەو پێوەندییەدا ئەمریکا لە سێ مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چین ئەم بابەتەی تاوتوێ کردووە و داوای لێ کردوون ڕیژیمی ئێران ئاگادار بکەنەوە کە پەرە بە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی غەززەدا نەدەن.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی داواکارییەکانی ئەمریکا لە پێکەن بۆ سنووردارکردنی حوسییەکان لەکاتێکدایە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە بوردومانکردنی پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن بەردەوامن.

ئەم بوردومانانە وڵامی لانیکەم ٣٣ هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانن کە لە نێوەڕاستی مانگی نۆڤامبەرەوە دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور ئەنجام دراون.