کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئایینی بانە، داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانیان کرد

12:34 - 8 رێبەندان 2723

ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و مامۆستای مزگەوتەکانی شاری بانە، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی هێزی دادوەریی ڕێژیم، داوایان کرد سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت.

ئەم مامۆستا ئایینییانە لەم نامەیەدا، باسیان لەوە کردووە کە حوکمە دەرکراوەکان لەلایەن هیزی دادوەرییەوە بۆ بەندکراوانی سیاسی و باقی سزادراوانی کورد خەڵکی کوردستانی خەمبار کردووە .

لە بەشێکی ئەم نامەیەدا نووسراوە: ئێمە مامۆستایانی ئایینی مزگەوتەکانی بانە، بە نوێنەرایەتی لە دانیشتووانی ناوچەکە و کوردستانی ئێران، داواتان لێ دەکەین کە پێداچوونەوەیک بە سزاکانی لەسێدارەدان بکەن و دڵ و ڕۆحی بنەماڵەی سزادراوان بە لێخۆشبوون شاد بکەن.

ئەم داواکارییە دوابەدوای زۆربوونەوەی مەترسییەکان بۆ لەشیادرەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی و محەەمەد فەرامەرزی بڵاو بووەتەوە.

لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای تاران و بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین شەوی شەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە گرتووە تاکوو بۆ ئاخرین چاوپێکەوتن، ئەمڕۆ ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سەردانی بەندیخانەی ئێڤین بکەن.

بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسیی کوردە بە مەبەستی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانیان بانگی بەندیخانەی ئێڤین کراون و ئەمە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار کەسەی زۆرتر کردووەتەوە.