کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەراوێزنشینی لە ئێراندا پەرە دەستێنێ

17:17 - 8 رێبەندان 2723

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٦ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس واتە ١٠ لەسەدی حەشیمەتی شارنشینان لە ئێران، پەراوێزنشینن.

بە وتەی شەهرام دەبیری، بەرپرسی شۆرای شاری ورمێ، لەم شارەدا، پێوەری پەراویزنشینی، شوێنەکانی نیشتەجێبوونی نافەرمی یان ئەو زەمینانەن کە قەوڵنامەیان هەیە کە ڕێژەکەیان لەم شارە  ٣٠ هەتا ٤٠ لەسەدە.

ناوبراو گەشەکردنی دیاردەی پەراوێزنشینیی بۆ بەردەوامبوونی کۆچکردن، هەژاری و گەشەی گوندەکان گەڕاندووەتەوە.

یوونس شەهنەوازی، بەرپرسی شۆرای شاری زاهێدانیش لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٤٤ لەسەدی حەشیمەتی زاهێدان، پەراوێزنشینن.

محەممەدعەلی پوورمووسەوی، بەرپرسی شۆرای شاری ئەهوازیش، ڕێژەی پەراوێزنشینانی ئەم شارەی، یەک لەسەر سێی حەشیمەتی گشتی، واتە  ٤٠٠ هەزار کەس لە حەشیمەتێکی یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزاری کەسی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی محەەمەد نوورساڵحی، بەرپرسی شۆرای شاری ئێسفەهانیش، ٢٠ تا ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئەم شارە پەراوێزنشینن.

بەرپرسانی ڕێژیم ئەم دیاردەیە وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی دەبینن و لەگەڵ جۆرەکانی تاوان هاوتەریبی دەکەن و هاوکات وەکوو پرسێکی ئەمنییەتی لێی دەڕوانن.

پەراویزنشینی یەکێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەتوانێ هۆکارگەلێکی وەک نەبوونی پلان، ناوەندگەرایی، نایەکسانیی ناوچەیی، سستی لە بەرنامەداڕشتنی ژینگە، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەروەها هەژاریی هەبێت.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندوو کە نرخی خانوبەرە لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا، ٥٢ هێندەی ڕابردوو بەرز بووەتەوە و ئەمە بووەتە هۆی پەرەسەندنی پەراوێزنشینی.

پەراوێزنشینی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام سەرەرای هۆشداریدانی کارناسانی کۆمەڵایەتی لەمبارەوە، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە نادەن.