کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە ناردنی پەهباد خۆی لە شەڕی سوودان وەرداوە

17:22 - 8 رێبەندان 2723

هەواڵدەریی بلۆمبێرگ، بە پشتبەستن بە هەندێ سەرچاوەی ڕۆژاوایی و وێنەی ماهوارەیی، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، بە نیشانەی پشتیوانی لە ژنراڵ عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەری ئەرتەشی سوودان، خۆی لە شەڕی ئەم وڵاتە وەرداوە و چوار پەهبادی موهاجر٦ی ڕادەستی ئەرتەشی ئەم وڵاتە کردووە.

بلۆمبێرگ پێشتریش ئەم کارەی ڕێژیمی بە دەستێوەردانی دەرەکی لە وڵاتی ئەفریقادا ناو بردووە و نووسیویەتی: دەستێوەردانی ئێران مەترسیی جیددی خستووتە سەر سوودان و ئەگەری پەرەسەندی قاتوقڕی لەم وڵاتەی زۆرتر کردووەتەوە.

بە وتەی کارناسان، ئێران هەر لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە، ئەم پەهادانەی ڕادەستی سوودان کردوون.

پەهبادی موهاجر ٦، هاوکات ٤ مووشەکی ٤٠ کیلۆیی هەڵدەگرێ و مووشەکەکانی لە ڕێگەی لەیزرەوە ڕێنوێنی دەکرێن و توانای بەئامانجگرتنیان لە سەرەوەیە.

تاران، وڵاتی سوودان بە خاوەن پێگەیەکی گرینگ لە دەریای سوور دەزانێت کە بۆ پەرەدان بە پێگەی ڕێژیم لە ئەفریقاش، یارمەتیدەری ئێرانە.

ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران ژمارەیک لەم پەهبادانەی ڕادەستی حیزبوڵڵا لە عێراق، لوبنان، هەروەها حوسییەکانی یەمەن، ئەرتەشی ئێتیووپی و ڕووسیە و ڤێنێزۆئێلا کردووە.