مەنسوور مروەتی
لە دوانیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبارەوە کە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵی دوو تەقینەوەی بەهێزیان لە دەوروبەری گۆڕی قاسمی سولەیمانی لە شاری کرمان ڕاگەیاند، تا ئێستا ئەو ڕووداوە سەرەکیترین سووژەی میدیاکانی ئێران و ناوچەکەیە و لەو بارەوە سەرنجی جۆراوجۆر خراوەتە ڕوو. بە پێی لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لەو دوو تەقینەوەیەدا تا ئێستا ١٠٣ کەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.
بێگومان لە سەر ئەم ڕووداوە قسەی زۆر کراوە و لێکدانەوەی زۆریش بەدوای خۆیدا دێنێ، بەڵام لەم نێوەدا سەرنج و پرسیارەکان لەسەر چوار تەوەرن:
یەکەم؛ چ ئەم تەقینەوەی کرمان و چ ئەو ڕووداوانەی دیکە کە کوژران و برینداربوون و وێرانیی لە ئێران یان ئەو وڵاتانەی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامییان بەئاشکرا پێوە دیارە، ئاکامی سیاسەتە شەڕئەنگێزانە و دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین کە ئێران و ناوچەکەیان لە خەڵک کردۆتە دۆزەخ. ڕێژیمێک کە بە سیاسەتی چەوتی ناردنەدەرەوەی شۆڕش، بناغەی دەسەڵاتی پڕ لە ئاژاوە و ئاڵۆزیی خۆیان دامەزراندوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نە تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکوو خاک و خەڵکی چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکەشیان تووشی بشێوی، کوشت و کوشتار و ماڵوێرانی کردوە.
دووهەم؛ لەو کاتەوە کە هەواڵی تەقینەوەکەی دوانیوەڕۆی چوارشەممەی کرمان بڵاو بۆتەوە، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گومانی ئەنجامدانی ئەم تەقینەوانە دەخەنەسەر خودی کۆماری ئیسلامی و بە سیناریوی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕێژیمەی دەزانن. خەڵک بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوی چەند مانگ لەوەپێشی مزگەوتی "شاچراغ" لە شیراز و تەقاندنەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکە پاش چەند دەقە لە هەستانی لە فڕۆکەخانەی تاران کە کوژرانی ١٧٦ کەس سەرنشینی فڕۆکەکەی لێ کەوتەوە و حاشالێکردنی چەند ڕۆژەی ڕێژیم لەو تاوانە و دواتر وەئەستۆگرتنی تاوانەکەی بەدوودا هات، پێیان وایە ئەم تەقینەوانەش هەر کاری خودی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. خەڵک پێیان وایە هەرکات کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە حاڵەتێکەوە کە بیروڕای گشتی و بەتایبەت دنیای نێودەوڵەتی لەبەر ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانە نابەجێیەکانی دەیخەنە ژێر فشار و لێپێچینەوە، لەوەها دۆخێکدا ژوورە ئاژاوەگێڕە فکری و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، پەنا بۆ لەپەراوێزخستن و بەلاڕێدا بردنی بابەتەکە و خۆقوتارکردن لە تەنگپێهەڵچنینی دەوڵەتان و بیروڕای گشتی، دەست بۆ بەڕێوەبردنی وەها سیناریۆیەکی نامرۆییانەی پڕتێچوو بۆ خەڵکی وڵات دەبەن. ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەم پیلانانەدا بۆی گرینگ نیە و تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان لەسەر ئاژاوەگێڕێیەکانی خۆی تەنانەت حەز بە زیادبوونی خەسارلێکەوتنی دەکاتەوە، گیانی خەڵکی بێتاوانی وڵاتە. هەرچەندە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئاستەکانی "لەشکەری و کشوەری"دا ڕایانگەیاندوە کە تەقینەوەکانی کرمان کاری ئیسرائیل و ئەمریکا و دەستوپێوەندەکانیانە و خودی خامنەیی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەشی کردوە، بەڵام هەروەک باس کرا بەشێکی زۆر لە خەڵک و تەنانەت چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری ئەمنیەتییش، خودی کۆماری ئیسلامی بە هۆکار و بەڕێوەبەری ئەم جۆرە کردەوانە دەزانن.
سێهەم؛ لەکاتێکدا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوەدێریکردنی خەڵک هەموو شەقام و کۆڵان و تەنانەت شوێنە شەخسی و تایبەتییەکانی ژیانی خەڵکیشیان بە دووربینی چاودێری خستوەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و تەنانەت چاوەدێری چۆنیەتی ڕێگاڕۆیشتن و جۆری پۆشینی جلوبەرگی خەڵکیش دەکەن، چۆنە لەکاتی بەڕێوەچوونی وەها ڕێوڕەسمێکدا نەیانتوانیوە شوێنەکە بخەنە ژێرچاوەدێری و کۆنترۆڵەوە؟! بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت بەرپرسانی سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کە ڕۆژانە کاریان بۆتە پیاهەڵدان بە "دابینکردنی ئەمنیەت بۆ خەڵک و وڵات"، ئەدی چۆنە لە وەها بۆنەیەکدا کە چەندین حەوتوویە خۆی بۆ ئامادە دەکەن و قەراربوو بیکەنە دەسمایەیەکی بەربڵاوی تەبلیغی بۆ ڕێژیم، ناتوانن ئەمنیەتی شوێنەکە بپارێزن؟! ئایا خەڵک حەقی ئەوەیان نییە بە چاوی گومانەوە لە کار و کردوە و لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕوانن؟! ئەوان کە هەر ئەمڕۆژانە بە شەقام و کۆڵان و مترۆکانی شاردا بڵاوبوونەتەوە و بە زەڕەبین جۆری پۆشینی جلوبەرگی ژنان و کچان و تاڵە بسکی ئەوانیان لە ژێر چاودێریدایە و پەلاماریان دەدەن، دەکرێ لە وەها ڕێوڕەسمێکی ئەمنیەتیدا بۆشایی ئەمنیەتییان دابێ؟!
چوارەم؛ هەن کەسانێک کە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە لەم بابەتانە دەڕوانن و پێیان وایە؛ کۆماری ئیسلامی لە چاوسوورکردنەوە و گرتن و ئازار و ئەشکەنجە و کوشتندا هەر بۆ گەلانی ئێران ئازایە، دەنا لەباری خۆپاراستن و ئەمنیەتییەوە وەها لەرزۆک و لاوازە کە لەبەرانبەر پەلاماری نەیارانیدا هیچ دەسەڵاتێکی نییە. وەک چۆن دەزانین کە دەزگا سیخوڕی و ئەمنیەتییەکانی وڵاتان بەتەواوی بەسەریدا زاڵن و بەئاشکرا لەنێوخۆی ئێران دەستی لێدەوەشێنن و تەنانەت بەڵگەنامە نهێنیەکانی دۆسیەی چەکی ناوکییان بە شەو لە تاران دەبەنەدەرێ و هێزە دز و گەندەڵەکانی بەنێو ئەمنیەتییشیان هەر ئاگاشیان لێ نییە. بەرپرسانی ڕێژیم حزووری نیزامیی خۆی لە وڵاتانی دەوروبەر بەوە پاساو دەداتەوە کە ئەگەر ئەم شەرانەی ئێستا لە سوریە، غەززە، عێراق، یەمەن و لوبنان دەیکات، نەیکات، دەبێ لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بیانکات. بە واتایەکی دیکە ئەو شەڕی لە وڵات دوور خستۆتەوە و ئەمنیەتی بۆ وڵات دابین کردوە! هەرچەند خەڵکی ئێران قەتیان باوەڕ بەم پاساوانەی ڕێژیم نەکردوە، بەڵام لانیکەم ئێستا دەبێ بۆ لایەنگرانی ڕێژیم پرسیار بێت کە؛ ئەی ئەم تەقینەوانە چین کە لە نێوەڕاستی وڵاتدا دەکرێن و بە سەدان کەس لە خەڵک تێیدا دەبنە قوربانی؟!
وێڕای بەداخبوون لە کوژران و برینداربوونی کەسانی بێتاوان لە وەها رووداوگەلێکدا، لە هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە و دۆخێکی نالەبارکە بەسەر وڵاتی ئێران و خەڵکەکەی هاتوە، بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتە شەڕەنگێزەکانیەتی کە بەلای خەڵکی ئازادیخوازی وڵاتەوە ڕەتکراوە و مەحکوومە.